هونەرمەندی گەورەی بواری نواندن مامۆستا (عـەبدولره زاق شەمسەدین) تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو لە شاری هەولێر، لە ڕێگای کەسنەزان لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیرە.
هونەرمەند (ڕزگار عەبدولرەزاق)ـی بە ڕۆژنامەی (هەولێر)ـی ڕایگەیاند ؛ لە ئێستادا باری تەندروستی باوکم تا ڕادەیەکی باش جێگیرە، لە ژێر چاودێری پزیشکدایە، سوپاس بۆ خوای گەورە هەر ئەوەنە بوو، ئومێد دەکەین باشتر بێت، سوپاسی پەرۆشی خەڵک و پزیشکە بەڕێزەکان دەکەین، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزەکان دەکەین کە بەپەڕۆشەوە هەواڵەکەیان بڵاو کردەوە
لەبارەی مانەوەی لە نەخۆشخانە، ڕزگار ئەوەشی گوت ؛ لە دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست ئومێد دەکەین بە زووی لە نەخۆشخانە بێتە دەرەوە بۆ ئەوەی لە ماڵەوە باشتر چاودێری بکەین، چوونکە باوکم بەر لەوەی تووشی ئەو ڕووداوە بێت، نەخۆشبوو ڕۆژانە چارەسەری وەر ئەگرت، بۆیە باشترە لە ماڵەوە بێت.
لەبارەی دوور کەوتنەوەی هونەرمەند (عەبدولرەزاق شەمسەدین) لە کاری هونەری گوتی ؛ ماوەی ساڵێک زیاترە لە بەر دۆخی تەندروستی بەشداری هیچ کارێکی هونەری نەکردووە، هەر چەند خۆی حەزدەکات بەشداری هەبێ، ئومێد دەکەم لە داهاتوودا بتوانێ بەشداری هەبێ، چوونکە خۆشەویستی کاری هونەری لای هونەرمەند لەگەڵ تەمەنی ڕێدەکات و، هەمیشە ئارەزوو دەکات بەردەوامی هەبێ.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە هونەرمەند (عەبدولرەزاق شەمسەدین) دواین بەرهەمی بەشداری کردنی بوو لە زنجیرە درامای (تازە باو) ساڵی 2021 نووسینی (ئومێد کەمال) و لە دەرهێنانی هونەرمەند (مەریوان ئیبراهیم) بوو، لە کەناڵی کوردسات پەخش و بڵاو کرایەوە.

