ئەمڕۆ دووشەممە 2025.12.22، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی فەرهەنگ غەفور، بەرێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر و هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان و ژمارەیەكی تر لە هونەرمەندان و هاوڕێ و هەڤاڵانی، لە ڕێو رەسمێكدا لە پای ئەزموون و بەخششیی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان _ لقی هەولێر بە هەماهەنگی پارێزگای هەولێر، خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشی بە هونەرمەندی دیاری شاری هەولێر و كوردستان ( وەلید مەعروف ) .
لە ڕیورەسمەكەدا، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا نیو سەدە مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەرى هونەرمەندی، لە نێوەندی هونەرى شانۆ و دراما و سینەماى کوردی بەرز نرخاند، هەروەها وەك یەكێك لە دامەزرێنەرانی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر و ئەو خزمەتە زۆرەى لە ماوەى ژیانى خۆی پێشکەش بە قوتابیان و هونەری کردووە بە شانازیی بۆ شارى هەولێر لە قەڵەمدا و هیواى سەرکەوتن و لەش ساغى و تەندروستى باش و بەردەوامبوونى لە کارى هونەرى بۆ خواست.
هەروەها، دەستخۆشی لە سەندیكای هونەرمەندان لقی هەولێر كرد و تیشكی خستەسەر مێژووی هونەری و ڕۆشنبیری شاری هەولێر، كە خاوەن مێژوویەكی دەوڵەمەند و پڕ لەداهێنان و سەدان كەڵە هونەرمەند و ڕۆشنبیر و نووسەری بەتوانایە، دڵنیایی دایە هونەرمەندان و نووسەران و ڕۆشنبیرانی شارەكە، وەك پارێزگای هەولێر، لە پێناو پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی هونەر و ڕۆشنبیری كوردی بە هەموو شێوەیەك پاڵپشت و هاوكاریان دەبێت.
جێگەی باسە، وەلید مەعروف لە شاری هەولێر لەدایك بووە، ئەکتەرێکی دیاری کوردییە و لەساڵی 1976وە تا ئێستا لە چەندین بەرھەمی سینەمایی، شانۆیی و تەلەفزیۆنی دەرکەوتنی ھەبووە و ڕۆڵی بەرچاووی هەبووە لە خزمەتكردنی هونەری كوردی و لە ساڵی1979 كۆلێژی ھونەرەجوانەکان بەشی شانۆی لە شاری بەغدا تەواوكردووە.

