شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی سترانبێژ “شڤان پەروەر” دوای ماوەیەک بێدەنگی و سەرقاڵ بوون بە چەند پڕۆژەیەکی تایبەت و دوورکەوتنەوە لە ئاهەنگ و بەشداری کردن لە کارە هونەرییەکان.
بۆ یەکەمجار لە شاری “ڕێمس” لە وڵاتی فەرەنسا داوەتنامەیەکی پێگەیشت و دوێنێ بە بەشداری ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا و پەناهەندەکانی جەنگەڵستانی کاڵاس و شارەکانی دەورووبەری فەرەنسا کۆنسێرتەکە بەڕێوەچوو.
“شڤان پەروەر” بەرامبەر بە سازدانی ئەو کۆنسێرتە هونەرییە و داوەتەکەی لەم وڵاتە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: لە ماوەی پێشووتردا بەشداریم لە چەندین پڕۆژەی هونەری وڵاتی فەرەنسادا کردووە، بەڵام ئەمجارەیان جیاواز بوو یەکەم دەرفەت بوو بۆم ڕەخسا لە شاری ڕێمس کۆنسێرتێکی فراوان بە بەشداری ڕەوەندی کوردی و چەندین گرووپی هونەری بەناوبانگی ئەو وڵاتە کۆنسێرتەکە بەڕێوە بچێت، کە بەڕاستی دڵخۆشبووم بەو داوەتنامەیە، چوونکە کەسایەتی گەورەی بواری میوزیک و هونەرمەندی بەرچاوم لەوێدا بینی، جگە لە هەموو ئەوانەش بە دیداری کوردانی چوار پارچەی کوردستان شادبووم، کە لەم وڵاتەدا نیشتەجێن و ئامادەی کونسێرتەکەی من بوون.
“شڤان پەروەر” لەدایکبووی ٢٣ی ئەیلوولی ١٩٥٥ـە و لە بواری مۆسیقای کوردیدا زیاتر لە ٢٥ ئەلبوومی ھەیە، ھەروەھا نووسەر و مامۆستای مۆسیقا و ژەنیاریشە. بەھۆی شۆڕشگێڕی و ھەڵوێستە سیاسییەکانییەوە لە میدیاکاندا زۆر ناوی ده هينريت.
ھەر لە تەمەنی گەنجییەوە دەستی بە گۆرانی گووتن کردووە. بەھۆی مەترسیی دەستبەسەرکردنی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە ساڵی ١٩٧٦ وڵاتی بەجێھێشت و بوو بە دانیشتووی ئەڵمانیا.
تا ئێستاش نەگەڕاوەتەوە بۆ تورکیا.
ساڵی ٢٠٠٤ لە ئەڵمانیا ڕێکخراوەی کولتووریی نێودەوڵەتی شڤان پەروەری دامەزراند.
ئەلبومی «من بێریا تە کریە» خەڵاتی Grands prix du Disque et Audiovisuels (کە گرنگترین خەڵاتی مۆسیقای فەڕەنسایە) ساڵی ٢٠٠٤ـی لە بەشی مۆسیقای جیھاندا بردەوە.
داوا لە شڤان پەروەر کرا لە کردنەوەی کەناڵی TRT6 لە سەرەتای ٢٠٠٩دا بەشداری بکات، بەڵام قبووڵی نەکرد. لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ کەناڵی TRT6 بەرنامەیەکی بەڵگەیی لە ژیانی شڤان پەروەر بڵاو کردەوە.
لە ١٦ی ئابی ٢٠٠٩ شڤان پەروەر و چەند ھاوڕێی لە کاتی فیلم گرتن لەنزیکی تاڤگەکانی (نیاگارا) بەھەڵە لەلایەن پۆلیسی کەنەدا دەستگیر کرا و دوای ماوەیەکی کورت ئازاد کرا.
جێگەی باسە، هونەرمەند “شڤان پەروەر” تا ئێستا خاوەنی چەندین بەرهەم و ئەلبوومی تایبەت بەخۆیەتی و بەشێک لە ئەلبوومەکانی هونەرییەکانیشی ئەمان، کە بریتین لە:-
گۆڤەندا ئازادیخوازان (١٩٧٥)
هەڤاڵی بارگرانم (١٩٧٦)
هەرنە پێش (١٩٧٧)
ئەی فەرات (١٩٧٨)
کینە ئەم (١٩٧٩)
ھای دل (١٩٨٠)
گەلێ من ڕابە (١٩٨١)
ئاگری (١٩٨٢)
بلبلۆ/فەرزێ (١٩٨٣)
دۆتمام (١٩٨٥)
لێ دیلبەرێ (١٩٨٦)
هەڵەبجە ١٩٨٨
بلبلە دلشادی/ھەڵەبجە (١٩٨٨)
خونا من / قاسملۆ (١٩٩١بی زەمبیل فرۆش ١٩٩٥
نازێ (١٩٩٦)
ھێڤیا تە (١٩٩٩)
ڕۆژ و ھەیڤ (٢٠٠٠)
سارێ (٢٠٠١)
کریڤێ (٢٠٠٢)
کلاسیک ٢٠٠٣
٢٠٠٤ من بیریا تە کریە
داستانا ڕۆژئاڤا ٢٠١١
– شڤاننامە گازند ٢٠١٣

