عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندی بە ئەزمونی شاری هەولێر (ئەیام ئەكرەم) ناسراو بە «شەمۆ» دوای ساڵانێكی زۆر لە كاری هونەریی كۆمیدی، لەم ماوەیەدا لە كاری تراژیدیدا بەشداریكرد، وەك خۆی دەڵێت، دەبێت هونەرمەند لە هەردوو بوارەكەدا دەربكەوێت.
هەفتەی رابردوو لە شاری هەولێر مەراسیمێكی رێزلێنان بۆ هونەرمەندی ناسراوی كوردستان و شاری هەولێر ئەیام ئەكرەم ناسراو بە (شەمۆ) سازكرا، كە تێیدا لەلایەن بەرپرسانی ئیداری و هونەری شارەكەوە خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا و ستایشی كارە هونەرییەكانی ئەو هونەرمەندە كرا.
شەمۆ بە (هەولێر)ی راگەیاند “ئەمڕۆ بۆ من رۆژێكی زۆر تایبەتە بۆ ئەو رێزلێنانە و بۆ من رۆژێكی زۆر خۆشبوو لە ژیانمدا كە نزیكەی 39 ساڵە كاری هونەری دەكەم بەردەوام بەرپرسان و هونەرمەندان و خەڵك ستایشی كارەكانمان دەكەن”، شەمۆ بە پێكەنینەوە وتی “ئێستا گیرفانمان پڕی ئافەرینە”.
شەمۆ لە سەرەتای كارەكانی و زۆربەی كات وەكو هونەرمەندێكی كۆمیدی ناسراوە، بەڵام لە چەند كارێكی رابردوویدا رووی لە بواری تراژیدی كرد، لەو رووەوە وتی “ئەكتەر ئەو ئەكتەرە بتوانێت هەردوو رۆڵی تراژیدی و كۆمیدیش ببینێت، وابزانم تەمەنی منیش هی ئەوەیە رۆڵی تراژیدی ببینم و دەرهێنەرەكان دەیانەوێت لە كۆمیدی بێمە دەرەوە و رووبكەمە تراژییی، چوونكە ژیانمان هەمووی تراژیدییە”.
ماوەی چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان فیلمی سینەمایی بەرهەم دەهێنرێت، شەمۆ پێیوایە تائێستا بەرهەمهێنانی فیلم وەكوو پێویست نییە و دەڵێت “ئەگەر بەردەوام فیلم هەبێت، خەڵك بە كۆمەڵ دێنە سینەما، بەڵام فیلمەكان تاك تاكن و كێشەكەش ئەوەیە بە چەندین مانگ جارێك فیلمێك بەرهەم دێن، لەبەرامبەردا پارەیەكی كەمیش دەدرێتە هونەرمەندان، لایەنی ماددی كێشەمان نییە، بەڵكوو گرنگ ئەوەیە ئیشەكە جوان و داهێنەرانە بێت”.

