رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ گەلەریی میدیا پێشانگای تایبەتی هونەرمەند محەمەد فەتاح لەخۆدەگرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر
لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانی بەشی شێوەکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بڕیاره دووشەممە، کاتژمێر 10ی بەیانی، لە گەلەری میدیای هەولێری پایتەخت، پێشانگای تایبەتی هونەرمەند “محەمەد فەتاح” بە چاودێری پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی هونەری شێوەکاری بکرێتەوە و گوڵبژێرێک لە بەرهەمە ناوازەکانی ئەو هونەرمەندە لەم هۆڵەدا نیشانی ئامادەبووان بدرێت.

لە پێشانگاکەدا هونەرمەند دوایین داهێنانە هونەرییەکانی خۆی و نوێترین تابلۆ هونەرییەکانی نمایشدەکات.
پڕۆفایل؛ هونەرمەند “محەمەد فەتاح”، لە دایکبووی سلێمانییە ساڵی 1965.
دبلۆمی لە بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی بە پلەی باڵا بەدەستهێناوە و بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە و خاوەنی 21 پێشانگای تایبەتە لە کوردستان و چەندین وڵاتی جیاوازی جیهان.
جێگەی باسە، “محەمەد فەتاح” لەسەر ئاستی سەرجەم شارەکانی کوردستان تابلۆکانی نمایشکردووە بە نموونەش لە وڵاتانی وەک فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، سوێد، دانیمارک، نەرویج، فینلەندا و ئەڵمانیا و دەیان وڵاتی دیکەی جیاواز کارە هونەرییەکانی نمایشکردووە و پێشانگای ئەمجارەشی هونەرمەند “محەمەد فەتاح” تاوەکوو رۆژی 17ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.