شیڤان شێرزاد – هەولێر
دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ و ناوچەکانی تەکیە و کەلار و زیان بەرکەوتنی دەیان ماڵی هەژارنشینی ئەو دەڤەرە هەریەک لە هونەرمەندان “ئەیام ئەکرەم” و فاخیر هەریری” و خەڵکی هەولێر بەدەم هاواری خەڵکی ئەو ناوچەیەوە دێن و کۆمەک بۆ هاونیشتمانیانی چەمچەماڵ کۆدەکەنەوە.
لە سەرەتای ڕووداوەکەدا هونەرمەندی میللی “فاخیر هەریری” لە هەڵمەتێکی بچووکدا توانی بڕە پارە و پێداویستیەکی زۆر بگەیەنێتە چەمچەماڵ و پەیامی برایەتی و خۆشەویستی خەڵکی هەولێر بگەینەنێتە چەمچەماڵیەکان.
لە دوای ئەویشدا لە ڕێگەی هەڵمەتێکی کەناڵی ئاسمانی ئاڤادا، هونەرمەندی بواری کۆمێدیا “ئەیام ئەکرەم” بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە خۆی گەیاندە کەمپینەکەی ئاڤا و لە ئاخاوتنێکی “هەولێر”ـیشدا گوتی: هەولێری سەر بەرز ئەوڕۆ ڕۆژی نواندنی هەڵوێستە و برا و خوشک و منداڵە چاوگەشەکانمان چاویان بڕیووەتە هاوکارییەکانی ئێمە، بۆیە با هەموو چین و توێژەکان بەیەکەوە بەدەم خەمی هاونیشتمانیانمانەوە بچین و خەندە بخەینە سەر لێوی منداڵە چاوگەشەکان، چونکە ئێستا لە دۆخێکی خراپ دەژین و سەر و ماڵیان لەو کارەساتە سروشتیەدا تێچووە، بۆیە ئەرکی هەموومانە بەیەکەوە دەست لە ناو دەست هاوکاری و کۆمەکی خەڵکی خۆمان بکەین.

