رۆژنامەی ھەولێر

شاباز زەمانی کلیپێک بۆ چوار پارچەی کوردستان وێنە دەگرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

جیاواز لە لایڤ و ئاهەنگەکانی شەوانەی لە هەولێر و سلێمانی و بڵاوکردنەوەی گۆرانی ئەڤینداری، ئەمجارە هونەرمەندی گۆرانیبێژ “شاباز زەمانی” سەرقاڵی وێنەگرتنی بەرهەمێکی نیشتمانییە بۆ چوار پارچەی کوردستان و ئێستا بە نێو شاخ و لووتکەی چیاکاندا دەگەڕێتز بۆ هەڵبژاردنی لۆکەیشنێک، کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور و باکوور بەیەکەوە ببەستێتەوە.

“شاباز زەمانی” لە بەشێکی ئەم ڤیدیۆ کلیپەدا، بە جلێکی کوردی و ڕەسەن لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە گوندنشینەکانی کوردستان دەردەکەوێت و دەیەوێت نەریتە کوردییە جوانەکان نیشانی بینەر بدات و کار بۆ یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بکات و پێیان بڵێت، ئێمەی کورد یەک بیر و یەک باوەڕین و تاکە ئامانجمان یەکخستنەوەی کوردستانە و زازای و کەلهووری و کرمانجی و سۆرانی شێوەزارێکن لە کوردی و مێژوومان پڕە لە قوربانیدان بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی کوردبوونمان.
جێگەی باسە، ئەو کلیپەی هونەرمەندی ناوبراو بە هاوکاری گرووپێکی هونەری لە ئاوازدانەر و موزیسیانی دیار و بەرچاوی هەولێر و سلێمانی کاری بۆ کراوە و بەشێک لە کارە تەکنیکیەکانی ماوە جێبەجێ بکرێت و چاوەڕوانیش دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا لە پلاتفۆرمەکانی نێو سۆشیال میدیادا بڵاودەبێتەوە.