شیڤان شێرزاد – هەولێر
فیلمی درێژی (09) لە دەرهێنانی “بەختیار فەتاح” و نواندنی دەستەیەک لە هونەرمەندانی ناسراوی کوردە وەک “ماهیر حەسەن” و “شوان عەتووف” و “چریکە عەبەڕەش” و “ژاڵە ڕەسوڵ” و “بێساران جاسم” و “سیروان جەمال”ـە و یەکەم نمایشی بۆ فیلمسازان لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بەشی سینەما دەبێت، کە بڕیارە ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٤:٣٠ خولەک لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر بە هاوکاری پارێزگای هەولێر نیشان بدرێت.
“شاخەوان مستەفا”بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر لە ئاخاوتنێکی بۆ “هەولێر” گوتی: فیلمی سینەمایی 09 لە دەرهێنانی بەختیار فەتاحە و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەرهەمهاتووە، ئەم فیلمە باس لە ئەفسەرێکی لێکۆڵەر دەکات خێزان و منداڵەکانی خۆی پشتگوێ دەخات لەبەرانبەر ئەرکە پیرۆزەکەی، هەروەها لەو گەڕانەی کە دەیکات دەگاتە ئەو ئەنجامەی باندێک بازرگانی بەلەشی مرۆڤ دەکەن، سەرەنجام لێکۆڵینەوەکان بەرەو باشی دەڕۆن و باندەکەش دەگەنە سزای خۆیان.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا: لە وەرزی زستانداین، بڕیامانداوە لەم وەرزە گۆڕانکاری بەسەر چالاکییەکانمان بهێنین، ئەویش جگە لە فیلمی کوردی، بگرە هەندێک لەو فیلمە ڕەسەن و جوانانەی وڵاتانی بێگانە، لەڕێگەی کونسوڵخانەی وڵاتان کە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت بوونیان هەیە دەرفەت بەوانیش بدەین، بۆ ئەوەی تێکەڵکێشیێک لەبواری سینەمادا لە ڕووی هونەرەوە ئەوان لە زمانی ئێمە تێبگەن و ئێمەیش لە زمانی ئەوان تێبگەین. هەروەها هەوڵ دەدەین بەپێی ویستی دەرهێنەرەکان کە فیلمەکانیان نمایش دەکرێت، خوێندنەوە بۆ فیلمەکان بکرێت.

