ئەمڕۆ دووشەممە 2025.12.8، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی فەرهەنگ غەفور، بەرێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر و هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان و ژمارەیەكی تر لە هونەرمەندان و هاوڕێ و هەڤاڵانی، لە ڕێو رەسمێكدا لە پای ئەزموون و بەخششیی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان _ لقی هەولێر بە هەماهەنگی پارێزگای هەولێر، خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشی بە هونەرمەندی دیاری شاری هەولێر و كوردستان ( ئەیام ئەکرەم ) ناسراو بە (شەمۆ).
لە ڕیورەسمەكەدا، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا مێژوو و ڕۆڵ و کاریگەرى هونەرمەندی، لە نێوەندی هونەرى شانۆ و دراماى کوردی بەرز نرخاند، هەروەها ئەو خزمەتە زۆرەى لە ماوەى ژیانى خۆی پێشکەش بەهونەری کردووە بە شانازیی بۆ شارى هەولێر لە قەڵەمدا و هیواى سەرکەوتن و لەش ساغى و تەندروستى باش و بەردەوامبوونى لە کارى هونەرى بۆ خواست.
هەروەها، تیشكی خستەسەر مێژووی هونەری و ڕۆشنبیری شاری هەولێر، كە خاوەن مێژوویەكی دەوڵەمەند و پڕ لەداهێنان و سەدان كەڵە هونەرمەند و ڕۆشنبیر و نووسەری بەتوانایە، دڵنیایی دایە هونەرمەندان و نووسەران و ڕۆشنبیرانی شارەكە، وەك پارێزگای هەولێر، لە پێناو پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی هونەر و ڕۆشنبیری كوردی بە هەموو شێوەیەك پاڵپشت و هاوكاریان دەبێت.
جێگەی باسە، ئەیام ئەکرەم ناسراو بە ” شەمۆ ” لە ساڵی 1964 لە گەڕەكی خانەقای شاری هەولێر لەدایك بووە، ئەکتەرێکی کۆمێدیای کوردییە، تا ئێستا لە چەندین بەرھەمی سینەمایی، شانۆیی و تەلەفزیۆنی دەرکەوتنی ھەبووە و ڕۆڵی بەرچاووی هەبووە لە خزمەتكردنی هونەری كوردی و لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووشدا دەستی بەکاری ھونەری کردووە و لە ساڵی 1988 پەیمانگای ھونەرەجوانەکان بەشی شانۆی لە شاری مووسڵ تەواوکردووە.

