عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندی بە ئەزموون (کامەران عومەر) بەرهەمێکی پێشتری خۆی تازە کردۆتەوە و لەداهاتوویەکی نزیکدا بڵاوی دەکاتەوە.
(سوتانی عەشق) ناوی بەرهەمەکەی هونەرمەند کامەران عومەرە کە لە هۆنراوەی تەهای (حاجی کەریم) و ئاواز و ئامادەکردنی هونەرمەند (کاروان باڵەبانە) و گۆرانییەکە تۆمار و کلیپی تەواوکراوە، تەنها ماوە بڵاو بکرێتەوە.
هونەرمەند کامەران عومەر بە (هەولێر)ـی راگەیاند، پێشتر ئەو بەرهەمەی بڵاوکردۆتەوە، بەڵام ئەمجارەش بەلایەوە باشبووە بەرهەمەکه نوێبکاتەوە و لەداهاتوویەکی نزیکدا کلیپەکەی بڵاودەکاتەوە.
هەرچەندە بەشی زۆری گۆرانییەکانی کامەران عومەر ستایڵی خاون، وەکخۆی ئاماژەی پێدا زیاتر پێی باشە بە ستایڵی خاو گۆرانی بڵێت، بەڵام بەلایەوە ئاساییەوە گۆرانی شادیش بڵێت.
کامەران عومەر دەڵێت، زۆربەی بەرهەمەکانی چیرۆکێکیان لەپشتە و ئەوەی دەیڵێم لە ناخ و خوێنی خۆم هەڵقوڵاوە.
دەربارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی گۆرانییەکانی، ئەو هونەرمەندە وتی “زۆربەی گۆرانییەکانم سەری کۆپلەی گۆرانییەکە هی خۆمە، بۆ نموونە (سوتانی عەشق)”.

