رۆژنامەی ھەولێر

سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ڕێز لە تەمەنی هونەری ئەیام ئەکرەم دەنێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، ڕێورەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە تەمەن و بەخششی هونەرمەندی بواری کۆمێدیا و شانۆ “ئەیام ئەکرەم” لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٨-١٢-٢٠٢٥ بە چاودێری پارێزگاری هەولێر و بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ ساز دەکات.

لە ڕێورەسمەکەدا بەشێک لە ژیان و بەرهەمە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندە لە بەڵگە فیلمێکدا نمایشدەکرێت و ئەزموون و بەخششی ئەو شانۆکارە کۆمێدییەی هەولێر وەک ئەکتەرێکی باڵا لە زنجیرەیەک وتاری تایبەتی “هیوا سوعاد” سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی هەولێر و هاوڕێ و هاوپیشە هونەرمەندەکانی دەخرێتە ڕوو، پاشان خەڵاتی ڕێزلێنانی سەندیکای هونەرمەندان دەبەخشرێتە ئەو شانۆکارە کۆمێدییەی هەمووانی هێنایە پێکەنین، بەڵام وەک خۆی لە ئاخاوتنێکی “هەولێر”ـدا نایشارێتەوه و دەڵێت: لەسەر تەختی شانۆدا هەمووان بە جوڵە و دیالۆگە هونەریی و کۆمێدییەکانم دڵخۆشکرد، کەچی لە ناخەوە بە تەنیا دەگریم!.
فرمێسکەکانیشم بوون بە دوو بەش، بەشێکیان بۆ ئەو ڕابردووە سەختەیه کە پێیدا بە هەژاری کارە هونەرییەکانم تێپەڕین، بەشێکیش بۆ ئەو هونەرمەندانەی، کە هەموو تەمەنم لەگەڵیان بەڕێکرد، کەچی ئەوان پەلەی مەرگیان بوو منیان تەنیا کرد و بێ خودا حافیزە ژیان و هونەرییان جێهێشت.