عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
گرووپی موزیک و گۆرانی کچانی (روومانگ)ی شاری سنە، یەکەم کۆنسێرتیان لەشاری سلێمانی و بڕیارە لە شوێنەکانی دیکەش هەمان کۆنسێرت ساز بکەنەوه.
ئێوارەی رۆژی شەممە، لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، گرووپی روومانگ، یەکەم کۆنسێرتیان سازکرد و چەند بەرهەمێکی ناوازەیان پێشکەشکرد.
مونا موڵایی، سەرۆکی گرووپی روومانگ بە (هەولێر)ی راگەیاند، پێشتریش سەردانی شاری سلێمانی و باشووری کوردستانیان کردووە، بەڵام دڵخۆشن بەوەی یەکەمجارە کۆنسێرت لە شاری سلێمانی ساز دەکەن و پێشوازییەکی باشیشیان لێکرا، بەڵام پلانیان داناوە بۆ داهاتوو لە شارەکانی دیکەش کۆنسێرت ساز بکەن.
ئەم گرووپه هەموویان خانمن، مونا دەڵێت، ئەوان لە مێژە هاوڕێن و ئامێرەکانیشیان سووننەتین، هەرچەندە گرفتیان بۆ دروست دەبێت، بەڵام گرنگە بتوانن بەردەوام بن.
سەبارەت بەوەی هونەری باشووری کوردستانیان بەلاوە چۆنە، مونا وتی “لای ئێمە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان جیاوازییان نییە، بەڵا بەڕاستی کە دێینە ئێرە زۆر دڵخۆشین و هەست بە غەریبی ناکەین”.،
سەرۆکی گرووپی روومانگ، دڵخۆشبوو بە ئامادەبووان لە کۆنسێرتەکەیا و وتی “ئەوەی پێشتر چاوەڕوانی بووین بینیمان کە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر باشە لە کۆنسێرتەکەمان بۆ گوێگرتن لە گۆرانی و موزیکی رەسەنی کوردی و نوێکردنەوەیان لەلایەن چەند خانمێکەوە”.
مونا موڵایی ئاشکرایکرد، ئەگەر هەر شوێنێک سپۆنسەریان بکات، ئەوان ئامادەن بەرهەمی تایبەت بەخۆیشیان هەبێت، بەڵام دیارە ئەوە لەڕووی داراییەوە زۆرتری تێدەچێت.

