رۆژنامەی ھەولێر

ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر، خەڵاتی براوەکانی قەڵاتی ئاشکرا كرد

ئەمشەو یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 30.11.2025 به‌ ئاماده‌بوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، باراڤ بارز بارزانی سەرۆکی ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی و کەسایەتی دبلۆماسی و مامۆستایانی زانکۆ و چین و توێژەکان، ناوەندی کوردستان بۆ کولتوور و هونەر لە رێورەسمێکدا لەژێر دروشمی شوێنێک لە نێوان ساتەکان” براوەکانی خەڵاتی قەڵاتی راگه‌یاند.

گرنگی خەڵاتەکە لەوەدایە کە دەتوانێت هانی ئەندازیارانی تەلارساز بدات ئیلهام لە ژینگەو هونەری ڕەسەنی کوردەواری وەربگرن بۆ کاری باشتری شارەستانیانە لە بوارەکەی خۆیاندا؛ هەروەها بۆ پەرەپێدان بە تواناکانیان بۆ ئەوەی سوود لە کولتووری کوردی وەربگرن کە ئیلهام بەخشە بۆ بەهێزکردنی هزری نەتەوەیی و ئافراندن…
بۆ ئەم مەبەستە ئەمساڵ لە کۆی 100 دیزاین، باشترین دیزانی تەلارسازی بەناونیشانی شوێنێک لە نێوان ساتەکان” لەلایەن لێژنەی شارەزای ئەندازیاری هەڵبژێردرا کە لە پارکی سامی عەبدولرەحمان لەناو سەنتەری هەولێری پایتەخت پراکتیزە بکرێ، تێیدا هاوڵاتیان کاتێکی هێمن بەسەر بەرن ، سەکۆیەکیش بێت بۆ قسەکردن، شیعر خوێندنەوە، پشوودان، و یاریکردن..

لە رێوڕەسمەکەدا کۆمەڵێک گوتارو بەڵگەنامەی فێڵم دواتر پانێڵ و پێشكه‌ش كراو؛ لە کۆتاییشدا خەلاتەکان بەسەر براوەکاندا دابەشكرا .

شایەنی باسە ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور ژمارەیەکی بەرچاو لە کتێب و دەستنووس و بەڵگەنامەی مێژوویی کوردی لە ئەرشیفی دیجیتاڵیدا کۆکردۆتەوەو کەڵکیان لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو وەرگرتووە بە پێشکەشکردنی کەرەستەی بنچینەیی بۆ هەموو توێژەر و ئارەزومەندانی مێژوو ئەدەب و کولتووری کورد.