عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندی پەیکەرسازی ناسراو چێنەر نزار ئاماژە بەوە دەکات که لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، بووەتە هاوکارێکی باش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کاری هونەری.
هونەرمەند چێنەر نزار، یەکێکە لە هونەرمەندە دیارەکانی پەیکەرسازی کە دەیان پەیکەری کەسایەتییە جیاوازەکانی دروستکردووە.
هونەرمەند چێنەر نزار بە (هەولێر)ی راگه یاند: لە سەردەمی ئێستادا، تێکەڵکردنی هونەری پەیکەرسازی لەگەڵ تەکنەلۆجیا دەروازەیەکی نوێی بۆ داهێنان و پێشکەوتن کردووەتەوە، هەرچەندە تەکنەلۆجیا جێگرەوەی هەست و هونەر نییە، بەڵکوو هاوکارێکی بەهێزە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کاری هونەری.
ناوبراو روونیکردەوە، بەڵام کاتێک هونەر بە باشی لەگەڵ تواناکانی تەکنەلۆجیا تێکەڵ دەکرێت، ئەنجامێکی سەرسووڕهێنەر بەدی دەهێنێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە تەکنەلۆجیا جێگرەوەی هونەری نییە، بەڵکوو هاوکارێکی بەهێزە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارە هونەرییەکان.
چێنەر نزار کە ساڵانێکی زۆرە لە بواری پەیکەرسازیدا دەستێکی رەنگینی هەیە دەڵێت “بە خۆشحاڵیەوە وەکوو پەیکەرساز کەم تا زۆر لەگەڵ ئەم بەرەوپێشچوونە سوودم لە تەکنەلۆجیا وەرگرتووە و بەردەوامیش پێویستمان بەوەیە خۆمان نوێ بکەینەوە و لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکاندا بین و سوودمەند بین”.

