رۆژنامەی ھەولێر

دیدارێک بۆ فیلمی کوردی و ئێرلەندی بەڕێوەچوو

شیڤان شێرزاد – هەولێر

لەگەڵ وەستانی کاتی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەما، کە هەفتانە بە فیلمێکی نوێ ئەو بەڕێوەبەرایەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، لە هۆڵی ئێمپایەر سینەما چالاکییەکی هونەری خۆیان ئەنجامدەدا، جارێکیتر بە سازدانی دیدارێکی تایبەت بۆ فیلمی کوردی و ئێرلەندی دەستیانکردەوە بە چالاکییە هونەرییەکان و لە یەکەم گەشتیش بە نێو بەرهەمە سینەماییەکاندا بەرهەمێکی دیکۆ درامی بەناونیشانی “ماڵەوە” بە ئامادەبوونی کۆنسوڵگەریی وڵاتی ئێرلەندا و پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان فیلمەکە نمایشکرا و گەنگەشە لەسەر فیلمی کوردی و قۆناغە سەختەکانی مێژووی کورد لە نێو هونەری حەوتەمدا باسی لێوە کرا.

هونەرمەند “شاخەوان مستەفا” وەک بەڕێوەبەری بەشی هونەری سینەمای “هەولێر” لەبەردەم پرسیاری ئەوەی بۆچی ماوەیەکە بە سستی چالاکییەکان ئەنجام دەدرێن، یان لە وەرزی زستانەدا بۆچی کارەکانت وەستێندرا، لە وەڵامدا بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: چالاکییەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە بەسەر چوار وەرزی ساڵ دابەشبوون، تا ئێستاش زۆرترین بەرهەمی سینەمایی و کاری هونەرمەندانی کورد بە پشتیوانی پارێزگای هەولێر لە ئێمپایەر سینەما بەخۆڕایی نمایشکراون، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی بانگەشە بۆ شەشەمین خوولی پەرلەمانی عێراق چالاکییەکانمان لە وەرزی زستانەدا بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرت، لە یەکەم هەنگاویش بۆ دەستپێکردنەوە بە چالاکییەکانمان وەک بەڕێوەبەرایەتیەک لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دیدارێکی تایبەتمان نمایشکردنی فیلمی کوردی و ئێرلەندی سازکرد و تیایدا بەرهەمێکی دیکۆدرامی بەناونیشانی “ماڵەوە” لە دەرهێنانی “تریڤول ویلان” بوو نمایشکرا.
ئەمەش بووە دەسپێکی نوێ لە کاری هاوبەشی نێوان ئێمە و ئەو وڵاتە، کە یەکەم جار بوو بەرهەمێکی ئێرلەندی لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئێمەدا نمایش بکرێت، چوونکە لە پێشووتردا کاری هاوبەشمان لەگەڵ وڵاتی هیندستان و چین و ئۆکراینە و ڕووسیا و ئوردن و زۆربەی وڵاتانی دیکە کردووە، بەڵام ئێرلەندا بۆ ئێمە نوێ بوو، بۆیە بڕیارماندا زنجیرەیەک چالاکیی هاوبەشی نێوان کورد و ئێرلەندا ئەنجام بدەین.