رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر دوایین كۆچیدا تێپەڕ دەبێت

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

ئەمڕۆ یەكشەمە 23/11/2025 ساڵێك بەسەر كۆچی دوای هونەرمەندی ناوداری بواری شانۆ و دراما (زایەر عەبدوڵا) تێپەڕ دەبێت، بەم بۆنەیەوە ئەمڕۆ لەسەر مەزاری هونەرمەند لە گۆڕستانی (كەسنەزان) لە شاری هەولێر مەراسیمێك بۆ هونەرمەند ڕێك دەخرێت.

لەم بارەیەوە (لاوین زایەر) كوڕی هونەرمەندی كۆچكردوو (زایەر عەبدوڵا) لە لێدوانێكدا بە هەولێری راگەیاند: لە ساڵیادی دواكۆچی باوكی ئازیزماندا، ئێمە وەكو بنەماڵە بڕیارمان داوە بۆ یەكەم ساڵیادی كۆچەكەی تەنها لەسەر مەزارەكەی مەراسیمێك ڕێك بخەین، تەنها ئەم مەراسیمە هەیە و هیچ بابەتێكی دیكەمان بڕیار نەداوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (لاوین) ئەوەشی گوت: باوكی ئێمە سەرمایەكی هونەری بەنرخی نیشتمانییە هەرچی بۆ بكەین هێشتا ناگاتە ئەو بەخششە پڕ بەرهەمەی پێشكەشی هونەر و كولتووری نیشتمانەكەی كردووە، بەڵام ئێمە پێمان باش بوو ئەمساڵ بەو شێوەیە بێت و كەس ئەزیەت نەدەین.
لە كۆتاییدا (لاوین زایەر) لەبارەی ئەو دەستنوسانەی هونەرمەند (زایەر عەبدوڵا) هەیبووە ئایا هیچ شتێكی ماوە چاپ کرابێت، لە وەڵامدا گوتی: دەستنوسی هەبوو، بۆ نموونە پلانی ئەوەی هەبوو بەشی دووەمی (تەیراوە بە پیاسە) بنووسێت، بەڵام بەداخەوە تەواوی نەكرد، هەروەها كتێبێكی دیكەی بنیات نابوو لە ژێر ناوی (گەشتی چارەسەر) ئەو كاتەی سەردانی وڵاتی توركیامان كرد، بڕیاری دا بینووسێت، مخابن جاری دووەم كە سەردانی توركیامان كردەوە ئیدی نەیتوانی بینووسێت، بەڵام لەماوەیە كتێبخانەی ئاشتی لە هەولێر داوایان كرد (تەیراوە بە پیاسە) بەشی دووەم بەچاپ بگەینێتەوە، ئەویش ئێستا وا لە چاپدایە و، وابڕیارە ساڵی تازە (2026) لە پێشانگای كتێب لە هەولێر بڵاو بكرێتەوە.
جێگەی ئاماژە بۆ كردنە هونەرمەند (زایەر عەبدوڵا) ساڵی (1958) لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لەدایك بووە، لە ناوەڕاستی ساڵی حەفتاكان دەستی بە كاری هونەری كردووە، لە ڕێگەی شانۆیی (ئەنجامی پولپەرستی) ساڵی (1981) لە رێگەی درامای تەلەڤیزیۆنی (هەبوو نەبوو) لە رێگەی بەرجەستەكردنی رۆڵی كەسایەتی (هۆمەر چاوچنۆك) ناوبانگێكی زۆر پەیدا دەكات؛ ساڵی (2021) تووشی شێرپەنجە بوو، بەڵام زوو چارەسەری بۆ كرا و تێیپەڕاند، لە ناوەڕاستی ساڵی (2024)دا جارێكی دیكە شێرپەنجە لە جەستەی سەری هەڵدایەوە، دوای هەوڵدان و وەرگرتنی چارەسەری پێویست و لەسەر بڕیاری (مەسرور بارزانی) سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی وڵاتی توركیا كرا و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر بەردەوام دۆخی تەندروستیی چاودێری دەکرد؛ بەداخەوە لە رێكەوتی 23/11/2024 دواكۆچی كرد و، لە گۆڕستانی كەسنەزان بە خاك سپێدرا.