عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەند پەیوەند جاف بە سێ بەرهەمی نوێوە دەردەكەوێتەوە، یەكێكیانی بڵاو كردەوە و، دوو بەرهەمەكەی دیكەش بڵاو دەكاتەوە كە یەكێكیان گۆرانییەكی هونەرمەندی بەناوبانگ مامۆستا مەزهەری خالقییە.
لە چەند رۆژی رابردوودا و لە ساڵیادی دامەزرانی شاری سلێمانی، هونەرمەند پەیوەند جاف بەرهەمێكی تایبەتی بۆ شاری سلێمانی بڵاو كردەوە، لەو بارەیەوە پەیوەند جاف بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ئەو بەرهەمەی زۆر بە خێرایی و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا ئامادەكرد، لە هۆنراوەی سالاری بازیان، بڕیار فەتاحیش كاری دەرهێنانی بۆ كردووە، بەڵام بۆ كلیپەكەی سوودیان لە فۆتۆ و ڤیدیۆی شاری سلێمانی وەرگرتووە.
پەیوەند جاف وتی “لەبەر خۆشەویستی زۆرم بۆ شاری سلێمانی خۆشەویست، زۆر بەلامەوە گرنگ بوو ئەو بەرهەمە بۆ ساڵیادی دروسیتبوونی شاری رۆشنبیران بڵاوبكەمەوە و سوپاس بۆ هەموو ئەو كەسانەی لەگەڵم ماندوبوون”.
(ئاخۆ كەی دێت) یەكێكە لەو بەرهەمە تایبەتییانەی پەیوەند جاف كە مێژووەكەی بۆ نزیكەی 30 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام تائێستاش لە گوێی هەوادارانیدا زیندووە، بۆیە دیاری داهاتووی پەیوەند زیندووكردنەوەی ئەو گۆرانیەیە و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێدا بڵاوی بكاتەوە.
دوایین بەرهەمی ئەم هونەرمەندەش نوێكردنەوەی گۆرانییەكی هونەرمەندی گەورەی كورد مامۆستا مەزهەری خالقییە كە پەیوەند جاف كاری لەسەر كردووە، لەو بارەیەوە روونی كردەوە، ئەو بەرهەمەی مامۆستا خالقی زۆر بەلاوە جوان بووە، بۆیە لە ڕێگەی هاوڕێیەكییەوە رووخسەتی لە مامۆستا خالقی وەرگرتووە تا گۆرانییەكە بڵێتەوە، مامۆستا خالقیش رەزامەندیی داوە بەو مەرجەی تێكستی گۆرانییەكە دەستكاری نەكرێت.
پەیوەند دەڵێت، سەرجەم كارەكانی ئەو بەرهەمەش تەواوە و لە شاری كیش لە وڵاتی ئێران لەلایەن بڕیار فەتاح كاری دەرهێنانی كلیپەكەی بۆ كراوە و لە دەرەفەتێكی گونجاودا بڵاوی دەكەنەوە.

