عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
دەرهێنەری فیلمی سینەمایی (زەوی سەخت و ئاسمان دوور) دەڵێت، ئەگەر بەرهەمێک بە دڵ بکرێت، لەسەر دڵ دەنیشێت و خەڵکیش بە دڵی دەبێت.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە نمایشی فیلمی سینەمایی (زەوی سەخت و ئاسمان دوور) لەسینەماکانی شاری سلێمانی بەردەوامە و توانیویەتی ببێتە فیلمی دڵخوازی هاووڵاتییان و کاردانەوەی زۆری دروستکردووە.
ئەم فیلمە لە دەرهێنانی هونەرمەند هەوراز محەمەد و بەرهەمهێنەری رەوەز حەمەساڵحە، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە کێشە و گرفتەکانی کاتی شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووی هەرێمی کوردستان ده کات.
ئەم فیلمە لەمانگی رابردوودا بەشداری پێنجەمین فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد و توانی پێنج خەڵات بباتەوە ئەوانیش (باشترین فیلم، باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین ئەکتەری ژن، باشترین سینەماتۆگرافی، باشترین دەرهێنەر).
لەو بارەیەوە هونەرمەند هەوراز محەمەد بە (هەولێر)ـی راگەیاند، “وەک کوردەواری دەڵێت، کارێک بە دڵ بکرێت، لەسەر دڵ دەنیشێت، دواتر دەبێتە دڵخوازی خەڵکیش، بۆیە ئێمەش کارەکەمان کە نزیکەی دوو ساڵی خایاند، دیارە بە دڵی لیژنەی فیستیڤاڵیش بووە و توانی ٥ خەڵات بباتەوە”.
ناوبراو خۆشحاڵی خۆی بە سەرکەوتنی فیلمەکەی لەنێو توێژە جیاوازەکانیشدا دەربڕی و وتی “ئەوەی زیاتر ئێمە دڵخۆش دەکات کاردانەوەکانی خەڵکن دوای سەیرکردنی فیلمەکە کە باس لە گرنگی چیرۆکی فیلمەکە دەکەن، بۆیە ئەوەش ئەرکی سەرشانمان قورستر دەکات بۆ کاری داهاتوومان”.

