سەردار ئەکرەم ـ بەریتانیا
شانۆ وەک ئاوێنەیەکی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا، هەمیشە ڕۆڵێکی سەرەکی لە داڕشتن و پاراستنی ناسنامەی کولتووری و نەتەوەییدا گێڕاوە. لەم چوارچێوەیەدا، چەمکی شانۆی نیشتمانی (National Theatre) وەک دامەزراوەیەکی گرینگی کولتووری سەر هەڵدەدات کە تەنها شوێنێک نییە بۆ نمایشکردنی شانۆیی، بەڵکو وەک هێمایەک و کۆگایەک بۆ بەها نەتەوەییەکان خزمەت دەکات. ئەم دامەزراوەیە بەها و ناسنامەی کولتووری و نەتەوەیی وڵاتێک دەردەخات و دەیپارێزێت. لە ڕێگەی بەرهەمە هونەرییەکانیەوە، نەتەوە دەتوانێت وێنەی خۆی و پێناسەی بوونی خۆی ببینێتەوە، کە ڕەنگە بە شێوەیەکی ناڕوون دەربڕدرابێت، بەڵام بە قووڵی هەست پێکراوە. ئەم ڕۆڵە هێماییە واتای ئەوەیە کە هەر گۆڕانکارییەک لە کارە لە پێشینەکانی یان ئاراستەی هونەریدا دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر تێڕوانینی نەتەوە بۆ ناسنامەی خۆی هەبێت. چەمکی شانۆی نیشتمانی زۆرجار شلۆق و جێگەی مشتومڕە، چونکە بە قووڵی پەیوەستە بە ناسنامەی گەشەسەندووی نەتەوەکەوە. زۆرجار مشتومڕەکان سەبارەت بە شانۆ نیشتمانی سەر هەڵدەدەن کاتێک بڕیارە هونەرییەکان یان شێوازی کارکردنیان بە لادانێک لەوەی چاوەڕوان دەکرێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی بەها نەتەوەییەکان سەیر دەکرێن. ئەمەش هاوسەنگییەکی بەرچاوی کولتووری و سیاسیی شانۆی نیشتمانی دەردەخات. لە ڕووی مێژووییەوە، بیرۆکەی شانۆ نیشتمانییەکان بە ئامانجی نمایشکردنی ڕاستییە گشتگیرەکان، شانۆییە گەورەکان و، دەستکەوتە هونەرییە مەزنەکان سەریهەڵدا. بەڵام لە سەردەمی نوێدا، بەتایبەتی لە سەدەی بیست و یەکەمدا، پێناسەکە فراوانتر بووە. ئێستا شانۆ نیشتمانییەکان ڕووبەڕووی ئەو ئەرکە بوونەتەوە کە ڕەنگدانەوەی واقیعە هەمەچەشن و زۆرجار ئاڵۆزەکانی نەتەوەکانیان بن، بەجۆرێک لە پێکهاتە نەریتییەکان تێپەڕن و نمایشە گشتگیرتر و تایبەتمەندترەکان لەخۆ بگرن، وەک سیاسەتی ‘شانۆی بێدیوار’ی شانۆی نیشتمانی سکۆتلەندا. ئەم ڕێبازە ئامانجی ئەوەیە شانۆ بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا نمایش بکات، هەروەها وەڵامی پرسیارەکانی کێ سوودمەندە لە شانۆ و لە کوێ دەتوانرێت نمایش بکرێت، بداتەوە. شانۆی نیشتمانی دامەزراوەیەکی حەیاتییە بۆ نوێنەرایەتی کولتووری، بەرجەستەکردن و نمایشکردنی ناوەڕۆکی کولتووری و بەهاکانی نەتەوەیەک. هەروەها بەشداریکردنە لە گفتوگۆی بەردەوام و تێگەیشتن لە ناسنامەی نەتەوەیی. شانۆی نیشتمانی پلاتفۆرمێک دابین دەکات بۆ بەرهەمە شانۆییە کوالیتی بەرزەکان، چ کلاسیکی بن یان هاوچەرخ و، خستنەڕووی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵات و لێکدانەوەی. هەروەها هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بە بینەرانی جۆراوجۆر و نوێنەرایەتیکردنی دەنگە جیاوازەکانی ناو نەتەوە. ئەم مشتومڕ و گفتوگۆیانەی سەر شانۆ نیشتمانییەکان، ڕۆڵی گرنگیان لە پێکهاتەی کولتووری نەتەوەیەکدا دەردەخەن، زۆرجار دەبنە گۆڕەپانی ململانێی بیرۆکەکان سەبارەت بە ناسنامەی نەتەوەیی و ئازادی هونەری. شانۆی کوردی هاوشێوەی شانۆی ئەرمەنی، مێژوویەکی پڕ لە ئاڵنگاری و خۆڕاگری هەیە. گەشەسەندنی شانۆی کوردی لە وڵاتە جیاوازەکاندا کە کوردی لێ دەژین، جیاواز بووە، لەوانە ئەرمەنستانی سۆڤیەت و جۆرجیا، تورکیا، عێراق، ئێران، سوریا و، لەناو پەرشوبڵاویدا. ئەم مێژووە زۆرجار بە چەوساندنەوە، سەرکوتکردن و، توندوتیژی تێکەڵ بووە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی دەیان ساڵ لە سیاسەتەکانی تواندنەوە، پاکتاوکردنی نەتەوەیی و، جینۆساید. سەرەڕای ئەم ئاڵنگارییە گەورانە، هەوڵە جەماوەرییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبووە لە دامەزراندنی بناغەکانی شانۆی کوردی هاوچەرخدا. ڕۆشنبیرانی کورد بە شێوەیەکی ستراتیژی شانۆیان وەک دامەزراوەیەکی نەتەوەسازی و ئامرازێکی گرنگ بۆ پاراستنی زمان، ئەدەبیات و، کولتوورەکەیان بەکارهێناوە. شانۆی کوردی تەنها هەوڵێکی هونەری نییە؛ بەڵکو کردارێکی قووڵی بەرگری کولتووری و نەتەوەییە، کە ڕۆڵێکی حەیاتی دەگێڕێت لە پاراستن و پەرەپێدانی ناسنامە، زمان و، میراتی کوردی لەناو دۆخە سیاسییە ئاڵنگارییەکاندا. بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی دەوڵەمەند و پڕ لە ئاڵنگاریی شانۆی کوردی، دامەزراندنی شانۆیەکی نیشتمانی لە کوردستاندا نەک تەنها پێویستییەکە، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ چەسپاندنی ناسنامەی کولتووری و نەتەوەیی. شانۆیەکی نیشتمانی دەتوانێت وەک ناوەندێک خزمەت بکات بۆ کۆکردنەوەی بەهرە شانۆییەکان، پەرەپێدانی بەرهەمی کوالیتی بەرز و، نوێنەرایەتیکردنی دەنگی ڕەسەنی گەلی کورد لەسەر شانۆی جیهانی. شانۆیەکی نیشتمانی کوردی دەتوانێت ببێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمان، مێژوو و، کولتووری کوردی. ئەمەش بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە ناسنامەی کورد لەژێر هەڕەشەدایە، زۆر گرنگە. دامەزراندنی شانۆیەکی نیشتمانی دەرفەت بۆ پەرەپێدانی ستانداردە هونەرییەکان، ڕاهێنانی ئەکتەر و دەرهێنەر و شانۆنووسانی نوێ و، هاندانی داهێنان لە بواری شانۆدا دەڕەخسێنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی گشتی شانۆی کوردی. هەروەها شانۆیەکی نیشتمانی دەتوانێت وەک پردێک خزمەت بکات بۆ پەیوەندی کولتووری لەگەڵ نەتەوەکانی تردا. لە ڕێگەی نمایشکردنی بەرهەمە کوردییەکان لەسەر شانۆ نێودەوڵەتییەکان، کولتوور و دۆزی کورد دەتوانرێت بە جیهان بناسێنرێت، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر دیپلۆماسی کولتووری دەبێت. شانۆیەکی نیشتمانی دەتوانێت خەڵکی کوردستان لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکاندا کۆبکاتەوە، هەستی یەکێتی و هاوبەشی نەتەوەیی بەهێز بکات و، ببێتە شوێنێک بۆ گفتوگۆ و لێکدانەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. بۆ نەوەی نوێ، شانۆیەکی نیشتمانی دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ئیلهام و پەروەردە، بە ناساندنی مێژوو و ئەدەبیاتی کوردی بە شێوەیەکی زیندوو و سەرنجڕاکێش. دامەزراندن و بەڕێوەبردنی شانۆیەکی نیشتمانی لە کوردستاندا بێ ئاڵنگاری نابێت. لەوانە کەمیی بودجە و پشتیوانی دارایی، کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە کولتوورییەکان پشتیوانی دارایی بەردەوام دابین بکەن. هەروەها، دەتوانرێت سوود لە هاوکاری نێودەوڵەتی و سپۆنسەری کەرتی تایبەت وەربگیرێت. کەمیی ژێرخانی پێویست، کە دروستکردن یان نۆژەنکردنەوەی هۆڵی شانۆیی گونجاو و دابینکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو پێویستە. پەرەپێدانی بەهرە، کە پێویستە پڕۆگرامی خوێندنی شانۆیی لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بەهێز بکرێت و دەرفەتی ڕاهێنانی پێشکەوتوو بۆ هونەرمەندان دابین بکرێت. سیاسەت و سانس کە دڵنیابوون لە ئازادی هونەری و دوورکەوتنەوە لە دەستێوەردانی سیاسی و سانسۆر، بۆ گەشەسەندنی شانۆیەکی نیشتمانی زیندوو زۆر گرنگە.
دەتوانین بڵێین شانۆی نیشتمانی تەنها بینایەک نییە، بەڵکو ڕۆح و ناسنامەی نەتەوەیەکە بۆ کوردستان، دامەزراندنی شانۆیەکی نیشتمانی هەنگاوێکی حەیاتییە بۆ چەسپاندنی ناسنامەی کولتووری، پەرەپێدانی هونەری شانۆیی و، بەهێزکردنی پێگەی کولتووری کورد لەسەر ئاستی جیهان. ئەمەش پێویستی بە دیدگایەکی ستراتیژی، پشتیوانی بەردەوام و، پابەندییەکی قووڵ بە هونەر و کولتوورەوە هەیە.

