رۆژنامەی ھەولێر

سەردار کەرکووکی:” لەم هەڵبژاردنەدا هونەرمەندان ئەرك و بەرپرسیاریەتیان لە ئەستۆدایە”

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی میللی “سەردار کەرکووکی” لە بارەی دەنگدان بە پارتی دیموکراتی کوردستان و گرنگی هەڵبژاردنی ئەمجارەی شەشەمین خوولی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەشداری کارایی لیستە کوردستانیەکان بۆ “هەولێر” دەڵێت: هەڵبژاردن لە سیستمی دیموكراسیدا مافێكی گشتییەو هەر وڵاتێك یاسای تایبەتی خۆی لەسەر بنەماكانی پارێزگاری لە مافەكانی تاك دادەڕێژێت و، پاشان پرۆسەكە بەئەنجام دەگەیەنرێت، هەڵبژاردنی ئەمجارەش كە پەیوەستە بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەم بارودۆخەی عێراقی تیایدا دەگوزەرێت و بۆ كوردستانیش زۆر هەستیارە، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو تاكێكی كورد زۆر بە لێبوردەییەوە لە ڕۆژی دەنگداندا بەرەو سندووقەكانی دەنگدان بچێت، بە تایبەت هونەرمەندان ئەرك و بەرپرسیار یه تییان لە ئەستۆدایە، پێویستە هەموو توانا و بەهرەمەندییەكانیان لە پێناوی سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەدا بێت. من وەك هونەرمەندێك داوا لە هەموو هونەرمەندان دەكەم، لەم كات و ساتە هەستیارەدا، لە ئەركە مێژووییەكەی خۆمان بەرانبەر بە چارەنووسی گەلەكەمان دوا نەكەوین، بە هەموو توانایەكمانەوە بەرەو سندوقی دەنگدان بچین، بەبێ پێگەی بەهێزمان لە پەرلەمانی عێراقی فیدڕاڵدا، ناتوانین پاریزگاری لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم و هەموو ئەو دەستكەوتانە بكەین كە ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستانی گەیاندۆتە ئەو ئاستەی كە پێگەیەكی نیودەوڵەتیشی بە خۆیەوە هێناوەتە ئاراوە، پێویستە لە سەر تاكی هاونیشتمانی كە خۆی بە بەشێك لە گشت لە قەڵەم بدات، ئەویش پارێزگاریكردنمانە لە كوردستانی بوونمان، وەك قەوارەیەكی هەرێمیی پارێزراو لە عێراقێكی فیدراڵی سەربەخۆدا .، ئەوەش تەنیا بە پێگەی بەهێزمان لە پەرلەمانی عێراق و بە كەسانی دڵسۆز دەكرێت، بێگومان كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدان و ڕابردووش ئەو ڕاستییەی سەلماندووە، بۆیە دەنگدانمان بە كاندیدەكانی پارتی و لیستی ٢٧٥ مسۆگەركردنی دەستكەوتەكانمانە