شیڤان شێرزاد – هەولێر
ئەمڕۆ میللەتەكەمان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەویش بریتییە لە خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كوردیش وەك لایەنێكی بەهێز، دەیەوێت ڕۆڵی لەو هەڵبژاردنەدا هەبێت، بۆ ئەوەی پێگەمان لە بەغدا بەهێز بێت و بتوانین مافەكانمان بە ڕیگای یاسایی بەدی بهێنین، هەر بۆیە وەك هونەرمەندێكی موزیسیان پشتگیری لەوە دەكەم كە هەر تاكێكی كورد بچێت بۆ دەنگدان، تا بەشێوەیەكی یاسایی گشت مافەكانمان بە دەست بهێنین، چوونكه تا ئێستا زۆر لە مافەكانمان بە دەست نەهاتوون، بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی هەرێم و پتەوتر كردنیان و، بۆ مسۆگەركردن و دەستەبەركردنی ئەو مافانە، پێویستە تاكی كورد بە گرنگییەوە لەو بابەتە بڕوانێت و بەشدار بێت لە هەڵبژاردنەكاندا و بزانن كاتی ئەوە هاتووە كورد گشت مافەكانی بەدەست بهێنێت، لە هەمان كاتدا پاڵێوراوە ڕاستەقینەكان هەڵبژێرن، كە شایستەی ئەوەن لە بەغدا نوێنەرایەتییان بكەن و لە پەرلەمان بە هیز و حیكمەتەوە خەبات دەكەن بۆ ئەوەی مافەكانیان مسۆگەر بكەن، دیسان دووبارەی دەكەمەوە، لەو قۆناغەی هەستیارەی ئێستادا، كە عێراق و ناوچەكە بە گشتی پێیدا تێپەڕ دەبێت، یەكڕیزی و تەبایی كورد لە بەغدا لە بابەتە هەرە گرنگەكانە، پارتی وەك حزبێكی زیندوو خەمخۆری سەرەكیی ئەم بابەتەیە، بۆیە دەنگم بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و لیستی ٢٧٥ـی خزمەت و ئاوەدانییە.

