شیڤان شێرزاد – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەرپرسی چالاکی قوتابخانەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا، زنجیرەیەک چالاکیی ئەنجامدا و بەشێک لەو هونەرمەندانەشیان بەسەرکردەوە، کە ئێستا خانەنشین بوون یان باری تەندروستیان تێکچووە.
هەریەک لە هونەرمەندان “فەرهەنگ غەفوور” و “وشیار واحید مەرجان” وەک دوو بەرپرسی هونەری لە هەولێر، شەو و ڕۆژیان کردووە بەیەک بۆ هەڵگرتنی نازی ئەو داهێنەرانەی هونەر لەو شارە، کە ساڵانێکی زۆر خزمەتی هونەر و فەرهەنگ و کولتووری کوردییان کردووە، لەم سۆنگەوەش چەند هونەرمەندێکی دیار و بەرچاوی بواری شێوەکاری و خۆشنووسی و گۆرانی و ئەدیب و شاعیر بەسەرکرایەوە، جگە لە ئامادەبوون لە چالاکییەکی شانۆیی بەناونیشانی (وشەی نا)، کە لە دەرهێنانی هونەرمەند “سەدیق حوسێن” بوو، کە یەکێکە لە لیدەرەکانی ناو شانۆی کوردیه و هەمیشە بە کاری ناوازە و جیاواز ناسراوە.
هونەرمەند “فەرهەنگ غەفوور” وەک بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و لەو پانۆڕامایەی “هەولێر”ـدا دەیەوێت لە زاری خۆی وەسفی هەریەکێک لەو هونەرمەندانەی بەسەریکردوونەتەوە بە چەند دێڕێک باسی لێوە بکات و پێمان بڵێت ئایا ئەوە هەڵمەتێکی هەڵبژاردنە یان ئێوە لە پێشووتریشدا ڕێگەتان نەداوە هونەرمەندان لە هەموو کات و ساتەکاندا هەست بەوە بکەن پەراوێزخراون، بەتایبەت بۆ هەولێر، کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لە خەمی هونەر و هونەرمەندانی کوردستاندا بووە.
هونەرمەند خەلیل وەندی وەک خۆشەویستەکەی هەولێر و خانەقین بەسەرکرایەوە
مامۆستا خەلیل مراد وەندی، خۆشەویستەكەی ئەڵوەند و خانەقین و هەولێر و تەواوی كوردستان و بەتایبەت ئێمەی هونەرمەندان، ئایكۆن و سمیبوولێكی هەرە دیاری نێو هونەری ئاواز و گۆرانیی كوردییە و خزمەتێكی زۆری بە هەوادارانی ئەو بوارە كردووە، جگە لەوەی لە بواری پەروەردەشدا مامۆستا و پێگەیەنەری نەوەكانی گەلەكەمان بووە.
ئەم پێشەنگانە جێیان بە ئێمەمانان ناگیرێتەوە، بۆیە لەسەر هەموومان ئەرکە بەردەوام لەگەڵیاندا بین و لە دۆخی گیان و ژیانیان بپرسین، بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ وەك ئەركێكی سەرشانمان لە ماڵەوە سەردانمان كرد و چەپكێ گۆرانی و گوڵمان پێشكەشی كرد و ئینجا لە دڵەوە هیوای شیفا و زوو چاكبوونەوەشمان بۆی خواست.
عەزیز مەلا ڕەش ئایکۆنێکی گەورە لە زمان و ئەدەبی کوردی
مامۆستای زمانزان و زمانپاراوی کورد “عەزیزی مەلا ڕەش” یەكێكە لەو نووسەر و ئەدیب و ئایكۆنە گەورانەی نێو زمان و ئەدەبی كوردی، كە بە نووسین و چیرۆك و ڕۆمان و بابەتە كولتووری و كەلەپووری و فەرهەنگییەكانی خەرمانەیەكی دەوڵەمەندی پێشكەش بە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان كردووە.
چێژی هونەر لە یادەوەرییەکانی سەر بەرد ببینن
یادەوەرییەکانی بەرد ناونیشانی پێشانگایەکی شێوەکاریی ئاستبەرزی هونەرمەندی دەستڕەنگین حەمە هاشمە، پێشنیار ئەکەم بۆ تامەزرۆیانی هونەر ئه مه لەدەست خۆتان مەدەن و لە ماوەی ئەم دە ڕۆژەدا کراوەیەوە و بڕۆن چێژی هونەری لە بەرهەمەکانی حەمە هاشمدا ببینن.
لێرەشەوە دەستخۆشی لە هونەرمەند دەکەم و هیوای بەردەوامی و داهێنانی جوانتری بۆ دەکەم.
کتێبخانەکەی مارف خەزنەدار و خەزێنەیەکی لە بن نەهاتوو
کتێبخانە ناوازەکەی مارف خەزنەدار یەكێكە لەو كتێبخانە دەوڵەمەندانەی پڕە لە سەرچاوە و توێژینەوە و كتێبی گرانبەها، خەزێنەیەكی لەبن نەهاتووی ئەرشیفی مێژوویی و پڕ سەرچاوەی زانستی و ئەدەبییە.
هونەرمەندێک بۆ شانۆ خوولقاوە
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەیدا “فەرهەنگ غەفوور” ئامادەی بینینی شانۆگەری “وشەی نا” بوو، کە لە دەرهێنانی هونەرمەند “سەدیق حوسێن”ـەو لەوێشدا بۆ “هەولێر” گوتی: “سەدیق حوسێن” یەکێکە لە لیدەرەکانی ناو شانۆ و دەرهێنەرێکی جیاواز و بە توانایە، ٣٣ ساڵە دەیناسم و بە کارەکانیشی ئاشنام.
دوێنێ لە شانۆیی نا، کە دەرهێنەری بوو، ساتەکانی بەڕیتمێکی جوان بەرجەستە کردبوو، ئەو پیاوێکە بۆ شانۆ خووڵقاوە و لەگەڵیشیدا ستافێکی کارا، بە ئەدایەکی بەرزەوە بەرهەمەکەیان پێشکەش کردین.
دارا محەمەد عەلی. هونەرمەندێکی بە ئەزموون و ناوێکی ئاشنا لای هەمووان
“دارا محەمەد عەلی” هونەرمەندێكی دێرین و بەئەزموون و لای هەموومان ناسراو و ئاشنایە، فەزڵیشی بەسەرمانەوە هەیە، چو. نكە ساڵەهای ساڵە لە رێی هونەرەكەیەوە خزمەت بە گەلەكەی دەكات.
بە ئەركی سەرشانی خۆمان زانی سەردانی بكەین و لەنزیكەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستی و ژیانی بین. هەروەها وەك هەمیشە ئامادەی هەر هاوكارییەكی دەبین بۆ هەر پڕۆژەیەكی هونەری ئەنجامی بدات.
قەڵەمێکی بەبڕشت لە خزمەت گەلێک
“حەمە کەریم هەورامی” یەكێكە لەو نووسەرە قەڵەم بە بڕشتانەی لە خزمەت گەل و نیشتمانەكەی دەنووسێت، زۆر بابەتی مێژوویی و ساخكردنەوەی پێشكەش بە كتێبخانەی كوردی كردووە. لە دەرفەتێكدا لە ماڵەوە هاورێ لەگەل هونەرمەندان عەلی تەحسین ئاغا و هوشیار مەرجان سەردانمان كرد و باسمان لە پرسی نووسین و زمان کرد، ئێمە زۆری لێوە فێر بووین و جەنابیشیان دوا کتێبی خۆی پێشکەش کردین، کە ساخکرنەوەیەکی تێر و تەسەلە لەسەر شاعیری گەورەی کورد (مەولەوی) نووسیویەتی.
نیو سەدە خزمەت
مامۆستا عەزیز پیرداود یەكێكی دیكەیە لەو هونەرمەندە دیارانەی نیو سەدەیە بە هونەر و لە رێی پەروەردەشەوە خزمەت بە گەل و نیشتمانەكەی دەكات، سەر و كاری لەگەڵ شیعر و ئەدەبیاتیشدا هەیە و لە سەردانێكمان بۆ لای هەندێک تێکستی شیعری کۆنی خۆی بۆ خویندینه وه و دڵی ئاوا داینەوە.
ئیدیۆمی کوردی و گەشەی زمان
نووسەر و رۆشنبیر حەمە ساڵح فەرهادی یەكێكی دیكەیە لەو نووسەر و ئەدیبە دیارانەمان، لە دانیشتنێكی دۆستانەدا گفتوگۆیەکی گەرمی بواری ئیدیۆمی کوردی و گەشەی زمانمان کرد.
سەڵاح محەمەد عەلی هونەرمەندێكی دێرینی شانۆ و دراما و کاریکاتێریستی شارەكەمان
یەكێكی دیكە لەو هونەرمەندە بەتوانا و دەستڕەنگینانەی بواری شانۆ و دراما و کاریکاتێریست لە شارەكەمان كاك( سه لاح محه مه د علی) یه

