رۆژنامەی ھەولێر

ئاوات بۆکانی: “هەموو کوردێکی ویژدان زیندوو پارتیبوونیك قەرزارە”

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەندی میللی “ئاوات بۆکانی” پەنجە دەخاتە سەر ئەو کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو پێشکەش کراون و کوردستان ڕووەو وڵاتێکی مۆدێرن هەنگاوی ناوە، تەنانەت ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە سەنتەرێکی بازرگانیی و گەشتیاران لە وڵاتانی دنیاوە سەر لە هەولێر و ناوچە گەشتیارییەکان دەدەن و سەرسامن بە ئەزموونی ئاوەدانی و سەقامگیریی کوردستان و دەشڵێت: سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران تاکە بەرپرسە لە بەرپرسیاریەتی ڕاناکات و بەڵێنێکیش نادات ئەگەر جێبەجێی نەکات و ئەوەی خاوەن ویژدان بێت، ناکرێت بەسەر شەقامێکی ئەو هەولێرە تێپەڕێت پرسیار لە خۆی نەکات کێ حاکمە لەو شارە كه ئەو ئاوەدانیە خێرایەی بەخۆیەوە بینیووە.

“ئاوات بۆکانی” لە ئاخاوتنەکەیدا دەڵێت: پارتی ئەو هێزەیە، کەم قسە دەکات، بەڵام زۆر کار دەکات، چوونکە بەڵێنێک بەدەنگدەرانی نادات، پێی جێبەجێ نەکرێت، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پڕۆژە و شەقامی ئۆتۆبان و بەدیجیتاڵی کردنی مووچە و سیستەمی یەک پەنجەرەی پێشکەوتوو بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و نۆژەنکردنەوەی یاریگا و دروستکردنی بەنداو و پشتێنەی سەوزایی پێشکەش دەکات و درووشمی بریقەدار لە بانگەشەدا بەکار ناهێنێت، بەڵکوو خزمەت بە خەڵکەکەی دەکات، بۆیە دەڵێم: هەموو کوردێکی ویژدان زیندوو پارتیبوونیك قەرزارە.