عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
خانمە هونەرمەندی بە ئەزموون (تارا ڕەسوڵ)، سێ بەرهەمی نوێی ئامادەیە و چاوەڕێی سپۆنسەرە بۆ كلیپكردن و بڵاوكردنەوەیان.
هونەرمەند تارا رەسوڵ بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ئێستا سێ بەرهەمی نوێی بەدەستەوەیە كە دووانیان لێ نوێكردنەوەی دوو گۆرانی كۆنی هەولێرە هی تیپی شیلان كە هۆنراوە و ئاوازەكانی رزگار خۆشناون و لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو وتراون، بەڵام بەرهەمەكەی دیكەی ئاوازی خۆی و هۆنراوەی بەڵێن سەنگاوییە.
سەبارەت بەوەی بۆچی هونەرمەندان بە گشتی وازیان لە بڵاوكردنەوەی گۆرانی بە شێوەی ئەلبوم هێناوە، لەو بارەیەوە تارا رەسوڵ وتی “لەبەرئەوەی هونەرمەندانی سەردەمی ئێمە سەرجەم كارەكان لەسەر ئەستۆی خۆمانە، بۆیە دەكرێت بڵێین سەردەمی بڵاوكردنەوەی ئەلبوم كۆتایی هاتووە.”
تارا رەسوڵ ساڵانێكی زۆرە لە وڵاتی سوید ژیان بەسەر دەبات و لەوێش تێكەڵاوی كاری سیاسەت بووە، لەو بارەیەوە دەڵێت “لەگەڵ حیزبێكی گەورەی سوید بە ناوی سۆسیالدیموكرات كار دەكەم و جێی متمانەیانم، بۆیە بە نوێنەرایەتیی ئەوان لە نێو دادگایەكی سویددا كار دەكەم”.

