شیڤان شێرزاد – هەولێر
شانۆگەری “سەلما” وەک یەکەم بەرهەمی شانۆیی تا ئێستا بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی وەک قرتاج و فەرەنسا و میسر نمایشکراوە.
ئەو بەرهەمە شانۆییە لە نووسینی “د. دڵشاد مستەفا” و سینۆگرافیا و دەرهێنانی “نەژاد نەجم” و نواندنی هونەرمەند “هەوار فارس” و “ئامینە عەبدوڵا”ـی کچە ئەکتەری تونسیە.
دوای وەرگرتنی چەند خەڵاتێکی جیاوازی باشترین ئەکتەری ئافرەت و باشترین بەرهەمی شانۆیی و دەرهێنان، دوێنێ جارێکیتر بەشداری لە سێزدەمین خوولی فێستیڤاڵی “عەلی لسود” لە شاری قابس کرد و ئامادەبووانی هۆڵەکە بە چەپڵە ڕێزان پێشوازیان لەو گرووپە شانۆییەی کەرکووک کرد و سەرسامی خۆیان بە جووڵە شانۆییەکانی هونەرمەند “هەوار فارس” دەبڕی.
جێگەی باسە، ئەو بەرهەمە شانۆییە تا ئێستا بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و فەرەنسی نمایشکراوە و ناوەڕۆکەکەشی باس لە جینۆسایدی گەلی کورد و دایکی ڕۆڵەیەکی ئەنفالکراو دەکات، کە جلە دڕاوەکانی کوڕەکەی وەک کفنێک بۆ خۆی دەدورێت و خۆڵی بیابانەکان ماچ دەکات، چوونکە لاشەی ڕۆڵەکەی لە کام بستی ئەو خاکەدا زیندە بەچاڵ کراوە.

