شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی بواری شانۆ و دراما “کاوە حەسەن” لە سەروبەندی بانگەشەی شەشەمین خوولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پرسیاری دەنگی تۆی هونەرمەند بۆ کێیە و بۆچی دەنگ بەو لایەنە دەدەیت.
“کاوە حەسەن” بۆ “هەولێر” دەڵێت: ئەوەی ویژدانی زیندوو بێت و ئاوڕێک لە مێژووی کورد بداتەوە و لەوە تێدەگات، کە کێ خوێنی بۆ ئەو نیشتمانە ڕشتووە و پەڕاوی مێژووی بە خوێنی ئاڵی پێشمەرگە قارەمانەکانی نوسیووەتەوە و پارتیش ئەو هێزە کۆڵنه دەرەیە، کە خاوەن سەرکردە و ڕابەرێکە بەردی چیاکانی کردووەتە سەرین لە پێناو مانەوەی ناسنامەی نەتەوەکەی و بەدرێژایی مێژوو لە خەبات و بەرخۆدان بەردەوام بووە.
گوتیشی: لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا بەرەو ئاییندەیەکی ڕووناک هەنگاو دەنێین و بە دەنگدانمان بە لیستی ٢٧٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە تاکە هێزە زامنی مافەکانمان دەکات لە بەغدا، ڕووەو وڵاتێکی ئاوەدانتر هەنگاو دەنێین و دەنگدانمان بە پارتی کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی بەردەم هونەر و بووژانەوەی هونەرەکانی شانۆ و سینەما و دراما و گەڵاڵەکردنی پڕۆژەی نوێیە بۆ دیکۆمێنتکردنی ڕووداو و پێشهات و کارەساتەکانی بەسەر ئەو میللەتە داهاتوون، جگە لەمانەش پارتی هێزێکی وەفادارە و خاوەن ڕێبازێکی پیرۆزە و هەرگیز سازش لەسەر مافەکانمان ناکات، بۆیە شانازیی بەو ڕۆژانە دەکەم وەک هونەرمەند و پێشمەرگەیەک لە ڕیزی ئەو حیزبەدا خزمەتێکی بچووکم بە گەل و نیشتمان کردووە.

