هه‌ندرێن خۆشناو
له‌م رۆژانه و به‌تایبه‌تی له رۆژی 17/10 شنه‌بای یادی سی ساڵه‌ی ماڵئاوایی مامۆستای هونه‌رمه‌ند ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی به‌سه‌ر كوردستان و هه‌ولێری لاوك و حه‌یران و هونه‌ر و موزیك و هۆنراوه گوزه‌ر ده‌كات و، كه‌ڵه هونه‌رمه‌ندی ره‌سه‌ن مامۆستا بێزار گه‌ردیمان دێنێته‌وه یاد و، ده‌نگه به سۆز و ئاوازه دڵرفێنه‌كانی به گوێماندا ده‌چرپێنێتەوە و هه‌ستی پڕ ئه‌شق و خۆشه‌ویستیمان ده‌ورووژێنێت و پێمان ده‌ڵێ مامۆستا (ره‌سوڵ)تان بێته‌وه یاد، كه سیمبول و نیشانه‌یه‌كی دیاری شاری هه‌ولێره، رۆحی پاكی ئه‌م هونه‌رمه‌نده مه‌زنه نایەوێت كوچه و كۆڵانه‌كانی هه‌ولێری دێرین جێ بێڵێت و و، ه‌ك كزه‌بایه‌كی فێنك رۆژانه به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌ر كه لاوكێك یان حه‌یرانێك یان گۆرانیه‌كی ره‌سه‌نی كوردی دێته به‌ر گوێچكه‌ی رۆڵه به‌وه‌فاكانی ئه‌م شاره.
ئه‌وڕۆ ئێوارێ له‌دووم هه‌ناردی لۆچی نه‌هاتی ..
حه‌یران ئه‌وڕۆكه سێ رۆژه زانیتم بازن و خڵخاڵت له‌كن وه‌ستا شه‌ریفی زێڕینگره، جلكی بووكێنیت له‌سه‌ر خه‌یاتی..
خزم و براده‌ر هه‌موو ده‌زانن ئه‌توو سه‌ری چه‌ند ساڵانه دۆست و گراوی من بووی. حه‌یف و سه‌د مخابنی دنیایێم
ده‌مینی شه‌و ساڵه‌كه هاوینێ به قسه‌ی دژمنان و ناكه‌سان له‌گه‌ڵ من خایه‌ن ده‌رهاتی..
ئه‌و هونه‌رمه‌نده توانیی به درێژایی نیو سه‌ده له داهێنان و خزمه‌تكردنی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و فۆلكلۆری كوردی بچێته دڵی هه‌موو هونه‌ردۆستێك و، بچێته كاروانی نه‌مران و مامۆستایان له‌م بواره‌دا و، سه‌رمه‌دیانه له دڵ و سۆزی خه‌ڵك بمێنێته‌وه. هه‌ر له منداڵیه‌وه خولیای هونه‌ر و كولتوور و فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه و، هه‌ر له زووه‌كه‌وه ده‌وروبه‌ری هه‌ستیان به به‌هره‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده كردووه و، له ده‌نگخۆشی و شاره‌زایی له مه‌قام و لاوك و حه‌یران، هه‌روه‌ها له شیعرهۆنینه‌وه و ئاوازداناندا، كه ئاوازی بۆ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی خۆی داناوه.
به تۆ یار په‌یدا نابێ
په‌یداش بێ فایده‌ی نابێ
سه‌د ساڵ خونچه بپشكوێ
بێ بولبول به‌هار قه‌ت نابێ
بریندارم بریندارم
ئه‌م گۆرانیه دوای چه‌ند ساڵێك له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند (عومه‌ر دزه‌یی) به ناوی (گه‌ڕان) دووباره تۆمار كراوه‌ته‌وه، به ده‌ستكاری هۆنراوه‌كه‌ی، به‌ڵام ئاوازه‌كه‌ی هه‌ر وه‌ك خۆی، كه هی هونه‌رمه‌ند ره‌سوڵ بێزار گه‌ردییه.
ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی له چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو رووی كردۆته رادیۆ و ئێزگه‌ی كوردی، به هه‌گبه‌یه‌كی پڕ له داهێنان و هونه‌ری ره‌سه‌ن و شیعر و ئاواز و لاوك و حه‌یران، یه‌كه‌م كه‌س بووه كه حه‌یرانی كوردی له رادیۆ گوتووه و به شێوەی راسته‌خۆی په‌خش كراوه و، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م كه‌س بووه كه حه‌یرانی نووسیوه‌ته‌وه و، به‌تایبه‌تی ئه‌و حه‌یرانانه‌ی كه گوتوویه‌تیه‌وه و بۆ خۆی دایناوه و دایڕشتووه و له دووتوێی چه‌ند كتێبێكدا تۆماری كردوون، یه‌كه‌م كه‌س بووه كه حه‌یرانی له‌گه‌ڵ موزیكدا چڕیوه، بۆ خۆشی شیعری بۆ زۆربه‌ی گۆرانیه‌كانی داناوه و ئاوازی بۆ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی خۆی داناوه، بووه یه‌كه‌م كه‌س كه ئاواز بۆ سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی خۆی دابنێت، بۆیه به ئاسانی جێگه‌ی خۆی كردۆته‌وه له نێو مامۆستا و پێشه‌نگانی هونه‌ری كوردی. مامۆستا ره‌سوڵ سیمبولی هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی بوو، چونكه لاوك و حه‌یران هونه‌رێكی تایبه‌ت به گه‌لی كوردن و، گه‌له‌كانی تر خاوه‌نی ئه‌م هونه‌ره ره‌سه‌نه نین و، ئه‌م هونه‌ره به یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ناسنامه‌ی گه‌لی كورد داده‌نرێت.
مامۆستا ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و نیشتمانپه‌روه‌ر بووه، نه‌ك هه‌ر به هونه‌ر و نووسین به‌ڵكو به گیانیش خزمه‌تی كوردستانی كردووه، به‌شدارییه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه له شۆڕشی ئه‌یلولدا و، یه‌كێك بووه له‌و كه‌ڵه پیاوانه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنی ئێزگه‌ی ده‌نگی كوردستان به‌شداری تێدا كردووه به گوتنی چه‌ندین سروودی له یادنه‌كراو و هه‌روه‌ها دانانی چه‌ندین سروودی نیشتمانی، بۆته یه‌كه‌م كه‌س كه سروودی نیشتمانی و به‌رگری به شێوازی حه‌یران و مه‌قام بچڕێت.
كاروانی ئێمه كه‌وتۆته رێگا
به ئامانجی كورد هه‌ر ئه‌بێ بگا
ئه‌گه‌رچی شه‌وی خه‌باتی ژیان
گیانی زۆر لاوی وه‌ك گوڵ هه‌ڵوه‌ران
به‌ڵام هه‌ر ئه‌بێ شه‌فه‌ق ده‌ركه‌وێ
كورد له‌و هه‌ورازه سه‌خته سه‌ركه‌وێ
ماڵئاواییكردنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده مه‌زنه، كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی كرده‌وه له هونه‌ری كوردی، به تایبه‌تی له بواری لاوك و حه‌یراندا، كه زۆر ئاشكرا هه‌ست به‌و كه‌لێنه ده‌كرێت و، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی كرده سه‌ر هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردی، چونكه ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی به‌مانای وشه میری حه‌یران و حه‌یرانبێژان بوو و، رێباز و رێچكه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو و، جێپه‌نجه‌ی له هونه‌ری كوردیدا دیار و به‌رچاوه. ئه‌و بلیمه‌ته به ده‌نگه خۆش و به‌سۆزه‌كه‌ی سه‌دان گۆرانی و لاوك و حه‌یران و مه‌قام و سروودی چڕیوه و مه‌حاڵه له‌یاد بكرێن، كه وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌ك بۆی به‌جێ هێشتین.
مامۆستا ره‌سوڵ بێزار گه‌ردی دوایی چه‌ندین ساڵ له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشینی دڵ، بێنازانه دڵه ماندووه‌كه‌ی له 17/10/1994 توانای ترپه‌كردنی نه‌ما و كز و بێده‌نگ کەوت؛ له رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا و سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رۆڵه به‌وه‌فاكانی هه‌ولێری دێرین له ئه‌دیبان و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان و خزم و براده‌ران، ته‌رمی پاكی ئه‌و زاته مه‌زنه‌یان به خاكی كوردستان سپاردەوە، دوای ئه‌وه‌ی به گشت كۆڵان و شه‌قامه‌كانی هه‌ولێردا دوایین گه‌شت و گه‌ڕانی كرد و، ماڵئاوایی و خواحافیزی له هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ولێر و كوردستان كرد. یاخوا له باوه‌شی خاكدا هه‌ر شاد و سه‌ربه‌رز بیت.

