رۆژنامەی ھەولێر

بزاڤ زاخۆیی: بۆ ئەوەی ویژدانم ئاسوودە بکەم دەنگ بە لیستی ٢٧٥ دەدەم

هونەرمەندی گۆرانیبێژ و موزیسیان “بزاڤ زاخۆیی”، بەوپەڕی خۆشەویستیەوە داوا لە گەنجانی کوردستان دەکات، کە بەشدارییەکی کارا لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بکەن و دەنگ بە لیستی ژمارە 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن.

بزاڤ زاخۆیی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمڕۆ قۆناغی خەباتی چەکداری و شەڕ و تفەنگ نەماوە و ئێستا خەبات گۆڕاوە بۆ خەباتێکی مەدەنی و دەنگدان. ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی و پیرۆزە بۆ هەموو تاکێکی کورد، چونکە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەک بسەلمێنین، کە ئێمە گەلێکی مرۆڤدۆست و دیموکراسیخوازین. ئەم ڕۆژە، ئەو ڕۆژەیە کە هەر کەسێک لە ئێمە دەتوانێت بە ئازادی و قەناعەتی تەواوەوە بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بڵێت: “من ئەم کەس و حکومەت و سیستەم و حزبەم دەوێت.”
بزاڤ زاخۆیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ستایشی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و بۆ “هەولێر” دەڵێت: “ئەمڕۆ دەبینین پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ڕێبازی باوکی ڕۆحیمان، بارزانی نەمر، خەبات و قوربانیدانێکی بێ وێنەی لە مێژوودا پێشکەش کردووە.”
ئەو ئاماژە بە قوربانییەکانی وەک شەهیدبوون، ئاوارەبوون و ئەنفالکردن دەکات، کە لە پێناو ئازادیی ئەم وڵاتە و چاندنی تۆوی خۆشەویستی نیشتمان و پاراستنی خاک و زمانی کوردیدا بوون لە نێو دڵ و دەروونی هەموو تاکێکی کوردستاندا.
“بزاڤ زاخۆیی” دڵنیایە، کە نەوەکانی داهاتووش لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام دەبن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، بزاڤ زاخۆیی وەک هونەرمەندێک و گەنجێکی کوردستان، بۆ ئەوەی ویژدانی خۆی ئاسوودە بکات و لەمبارەیەوە بۆ “هەولێر” دەڵێت: “دەنگی من بۆ 275ـە، لیستی پارتی، لیستی شەهید و ئەنفالکراوەکان، لیستی شکاندنی جەور و ستەم و فەراهەمکردنی ئازادی.” ئەو داوا لە گشت ئەوانەی حەز لە دەنگ و هونەری ئەو دەکەن، دەکات کە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ئەو و بەوپەڕی قەناعەتەوە دەنگ بدەن بە لیستی 275، بۆ ئەوەی هەمیشە سەرفراز و سەرکەوتوو بژین.