ئــــازا حەسیب قەرەداخی
ئایا یادەوەری لە تابلۆدا دەکێشرێتەوە؟!
ئەمە ئەو پرسیارەیە، کاتێک سەردانی پیشانگەکەی (عوسمان قادر) دەکەیت، لە خۆتی دەکەیت؛ هیچ کاتێ یادەوەری دەقا و دەق وەک ئەوە نییە کە ڕووداوەکە یان کەسەکان، لە واقیعی پێشووتردا هەبوون. بۆیە دەبێتە جێی پرسیار، ئایا ئەو ڕووداوە دێرینانەی ئێستا لە ڕۆمانێکدا دەیانخوێنینەوە، یان لە فیلمێکدا، یان لە تابلۆیەکدا دەیانبینین، هەر ئەوەن کە لە ڕابردوودا هەبوون؟ یان شتێکی ترن؟ لەو بڕوایەدام تەنانەت بەڵگەنامە نووسراوەکان و کەلوپەل و ماتریاڵە جێماوەکان لە ڕووداوەکانی ڕابردوو، ئەمانیش دەقاودەق ڕابردووەکە نین، بەڵکو کۆی گشتی هەموویان چ لە فۆرمی هونەریدا بن، چ لە دیکیۆمەنتدا بن، بریتین لە سیمبوول و نموونەکانی ئەو ڕابردووانە. هونەر و ئەدەبیات زیاتر لە دیکیۆمێنت، توانای سیمبوولەکردنیان هەیە. هەروەکوو چۆن هونەر توانای سەرلەنوێ نەخشاندنەوەی ژیان و سروشتی هەیە لە فۆرمێکی ئیستاتیکدا، ئاواش توانای گێڕانەوەی ڕابردووی هەیە، وەلێ ئەم گێڕانەوەیە دەخاتە فۆرمێکی ئیستاتیکەوە و کۆی فیگۆرەکان سیمبوولن بۆ فیگۆرە ڕاستەقینەکان لەو ڕابردووەدا. هونەرمەندی پایەدار، تاریکییەکانی ڕابردووی دێکیۆمەنت کردووە، بۆیەشە زوربەی هەرە زۆری کارەکانی بە ڕەنگی ڕەش و خەڵووز و قەڵەمی ڕەش کێشاوە، وەک ئەوەی بیەوێ پێمان بڵێ، تاریکیی دەبێت بە لە خۆی تاریکتر دیکیۆمەنت بکرێ. پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفال، کە ئامانجی عوسمان قادرە لە بیر نەکرێت، هەر ئەوە نییە، مرۆڤ ئەنفال کرابێت، بەڵکو ڕەنگەکانیش لەو پرۆسەیەدا ئەنفال کراون و تەنیا ڕەش ماوەتەوە کە ئەویش لە پاشماوەی گوندە سووتێنراوەکان و خەڵووز و سووتووی پاش گڕتێبەردان ماوەتەوە. واتە هەر لە هەوەنتە نییە عوسمان قادر بە ڕەش ئیشی کردووە، بەڵکو ئەو لە سەردەمی ئەنفالەوە، دار و پەردووی سووتاوی هێناوەتەوە و ڕەشێتی و تاریکیی ئەو ڕۆژگارەی پێ دەکێشێتەوە. ئەنفال، جەنگ نەبوو. چونکە جەنگ لە نێوان دوو بەرەی چەکداردا دەکرێت. وەلێ ئەنفال پەلاماری بەرەیەکی چەکدار بوو بۆ سەر خەڵکی سیفیل و بێ چەک، بۆ سەر منداڵ و پیر و جەوان، بۆ سەر ژنان، بۆ سەر خانوو و کاریتە و چەپەر و ئاژەڵەکان. ئەنفال، وێرانکردن و سووتاندن و ڕاگواستنی بە کۆمەڵ و ڕەشەکوژی و بێ سەروشوێنکردنی بە کۆمەڵ بوو. هیچ خەسڵەتێکی جەنگی نەبوو، تاوانێکی وەحشیگەرانە بوو، عوسمان قادر تاریکییەکانی دەگێڕێتەوە، لە کاتێکدا هیچ ڕووناکییەک لەو ڕۆژگار و کاتەدا نەبوو تا دیکیۆمەنت بکرێت. عوسمان قادری هونەرمەند، لە ڕێی سیما تۆقاوەکان، چاوە ئەبڵەقەکان، دەمە داچەقاوەکان، ڕەتڵی مرۆڤە بە زۆر گوازراوەکان، هەنگاوە شکاوەکان، کەزییە بڕدراوەکان، پێچە بە دەورەی کاروانە بزرەکان، گۆڕە بە کۆمەڵەکان، لاشەی بەجێماوی کوژراوان و زۆر زۆری تریش لە فیگۆرەکان، بە ستایلی دەربڕینخوازانە چیرۆکەکانی ئەنفال و جینۆسایدی کوردمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەیەوێت لە یادی نەکەین. عوسمان قادر، لە پاڵ ئەو تابلۆیانەدا، ژمارەیەکی زۆر سکێچ و هێڵکاریی کردووە، کە لە مانەیاندا زۆر لە واقیعەوە نزیک دەبێتەوە و وەک ڕۆژنامەنووس، یان یاداشتنووسێکی مەیدانی ڕەفتار و وردەکارییەکانی ڕۆژانی ئەنفالکردن تۆمار دەکات. سەربازەکان، جاشەکان، گرتووخانەکان، فڕۆکەکان، بۆردومانکردن و وێرانکردن و سووتاندن و ڕەشەکوژیی و سەدان ڕووداوی دیکە کە هەرهەموویان بە بەرنامە کراون و نەخشەی حزبی بەعس و گرێ دەروونییەکانی سەددامی دیکتاتۆر و لە قوڵاییشدا بەرهەمی ئەقڵیەتی شۆفێنی و فاشیزمی نەتەوەی سەردەستە. عوسمان قادر، لە ناخیدا، هەر یادەوەری ئەو ڕۆژانەی هەڵنەگرتووە و بۆمانی دەگێڕێتەوە، بەڵکو خەمێکی ڕاستەقینەشی هەیە لەوەی ئەنفال دووبارە و چەند بارە بکرێتەوە و زنجیرەکەی لە هەشتەوە ببێتە دە و زیاتریش، چونکە ئەو ئەقڵیەتە هەر ماوە، ئەو ئایدیۆلۆژیایە زیندووە، سەرباز و جاشەکانیش ماون. کەواتە عوسمان قادر لە گێڕانەوە و دیکیۆمەنتکردنی تاریکیدا دەیەوێت ڕامانوەشێنێت و لەو غەفڵەتە وەئاگامان بێنێتەوە کە پێمان وابێت سەردەمی ئەنفال تەواو بووە. کۆمەڵکوژی و ڕفاندنی کچانی کوردی ئێزدیان لەو ساڵانەی ڕابردووی زۆر نزیکدا، لەسەر دەستی داعش، درێژەی پرۆسەکانی ئەنفال بوون. عوسمان قادر، وەک نەوەی ئێمە لە سەردەمی ئەنفالکردنی گەلی کورددا ژیاوە و بەڵێنی داوە هەتا لە ژیاندا مابێت، بە هونەرەکەی، نەهێڵێت لە یاد بکرێت. ئەو بەڵێنەکەی خۆی بردووەتە سەر و ئێمەش و نەوەی ئێستای کوردیش نابێ لە یادی بکەین.

