عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندی بە ئەزموونی کورد یونس حەمە کاکە رایدەگەیەنێت، خراپی دۆخی تەندروستی، وایکردوە کاری هونەریی رابگرێت.
هونەرمەند یونس حەمە کاکە، دوایین بەشداریکردنی لە کاری هونەریی لە درامای کۆشکی هەنار بوو وەک کارەکتەری سەرەکی، دوو ساڵ لەمەوبەر کە ناوەندی هونەری زەنێ بەرهەمی هێنا.
هونەرمەندی بە ئەزموون، یونس حەمە کاکە بە (هەولێر)ـی راگەیاند :”شکور بۆ خوا ئێستا تەندروستیم باشە، بەڵام هەر لە ژێر چاودێری پزیشکدام و چارەسەر وەردەگرم”.
یونس کاکە ئەمساڵ لە یەکەم رۆژی کردنەوەی فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی ئامادەیی هەبوو، بەڵام بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە هیچ بەرهەمێکی لەنێو فیستیڤاڵدا نەبووە.
لەو بارەیەوە وتی “بەردەوام حەز دەکەم ئامادەییم لە فیستڤاڵە هونەرییەکاندا هەبێت،
چونکە تەندروستیم لە کاری هونەریی رایگرتووم، حەزم دەکرد بەرهەمێکم هەبوایە بۆ فیستیڤاڵ، بەڵام بەداخەوە، چونکە بەردەوام چارەسەر وەردەگرم و زیاتریش لە ماڵەوەم”.
ئەم هونەرمەندە بە ئەزموونە دەڵێت “هونەر سەروەتێکی زۆری پێبەخشیم، چونکە هونەر لە ناخمدایە، ئامۆژگاریشم بۆ گەنجان ئەوەیە لە کاری هونەریی بەردەوام بن”.

