شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ و میوریکژەن “کاروان هەورامی” پاش ساڵانێکی زۆر لە دوورکەوتنەوە لە هونەر و نیشتەجێبوونی لە وڵاتی ئەمریکا، ئێستا بە گۆرانییەکی نوێ دەگەڕێتەوە نێو هونەرەکەی و لە لێدوانێکی بۆ “هەولێر”ـدا ئاماژە بەناونیشانی بەرهەمە نوێیەکەی و وردەکاری ئەو بەرهەمە دەکات، کە یەکەمجارە بەشێوەزاری کرمانجی گۆرانی بڵێت، بەڵام خۆشەویستی بۆ کوردستان وایلێکردووە، کە پڕۆژە هونەرییەکەی ئەمجارەی بادینی بێت و دڵی هەوادارانی لەو دەڤەرە خۆشبکات.
“کاروان هەورامی” لە ئاخاوتنەکەی بۆ “هەولێر” گوتی: ڕاستە ساڵانێکی زۆرە بەهۆی سەرقاڵیم بە کار و بارەکانی ژیانەوە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دوورکەوتمەوە، بەڵام بڕیارم نەداوە واز لە هونەری گۆرانی گوتن بێنم، چوونکە هونەر لای من پێناسەکەی پەیوەستە بە مانەوەم لە ژیان و بەردەوامی لە عەشقێکی بێ گرێ و بێ پێچ و پەنا، بۆیە جارێکیتر دەستم کردەوە بە گۆرانیی و ئەمجارەیان بەشێوەزاری کرمانجی گۆرانییەکم تۆمارکرد و ئێستا کلیپەکەشم کۆتایی هاتووە لەم ڕۆژانەدا بڵاوی دەکەمەوە.
جێگەی باسە، گۆرانییە نوێیەکەی کاروان هەورامی تێکست و ئاوازی خۆیەتی و یەکێکە لەو بەرهەمانەی ساڵانێکە بە عەشقەوە کاری بۆ دەکات.

