رۆژنامەی ھەولێر

وارڤان شێرزاد: گۆرانییەکم بۆ لیستی ٢٧٥ ئامادەیە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

وەک وەفایەک بۆ ئەو لیستەی، کە هەڵگری دروشمی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانە، لەژێر سێبەری ڕێبازەکەی کوچە و کۆڵانەکانی هەولێر و گشت ناوچەکانی کوردستان گەشایەوە و هونەر و فەرهەنگ و کولتوور و ئایینەکان پارێزراو بوون، “وارڤان شێرزاد” وەک هونەرمەندێکی گەنج بڕیاریداوە گۆرانییەک بۆ ئەو لیستە بڵێت، کە خاوەن دیرۆک و پڕۆژەیەکی مەزنە، کە ئەویش پاراستنی نیشتمانە و لەژێر چەتری پارتیشدا ئاوەدانی گشت جومگەکانی ژیانی گرتەوە و کار کرا بۆ بەگەڕخستنی تەواوی سێکتەرەکان و هونەریش لەو نێوەندەدا بێبەش نەبوو، لە ڕابردوودا چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی ئەنجامدرا، جگە لە بەرهەم هێنانی دەیان فیلمی سینەمایی و کاری شانۆیی و سازدانی کۆنسێرتە فراوانەکانی میوزیک و نۆژەنکردنەوەی ناوەندە هونەرییەکان.

بۆیه منیش وەک هونەرمەندێک گۆرانییەکی نوێم بۆ سەرکەوتنی لیستی ٢٧٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە و پێویستم بە سپۆنسەر و هاوکارییە، ئەگەر هاوکاری بکرێم بە شانازییەوە ئەو بەرهەمە تۆمار دەکەم و لە خزمەت ڕێبازەکەی پارتی دەبم، چونکە ئەو پارتەیە زامنی مافەکانمان دەکات و هیوا بووەتە هیوایەک بۆ ئەو گەلە ستەمدیدەیەمان و جیاوازیش لە نێو هیچ شارێک ناکات و خەمی هەڵەبجە و هەولێر و سلێمانی و دهۆک و خەڵکی کوردستان دەکات بە پڕۆژەیەک بۆ گەڕانەوەی مافە ڕەواکانیان و داکۆکیکارێکی سەرسەختی هێزی پێشمەرگە دەبێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆیە کات دەژمێرم بۆ بینینی ڕۆژی سەرکەوتنی با بە هەموومان پێکەوە بەشداربین لەو سەرکەوتنە و بیرمان نەچێت، تا پارتی مابێت، هیچ هێزێک نیە پەنجەی پڕ لە ڕق و کینە بۆ هەولێر ڕاکێشێت.