عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندی بە ئەزمونی گۆرانیبێژ (دانا عەبدولجەبار) رایدەگەیەنێت، حەزی بەو فەوزایەی ئێستای سۆشیاڵ میدیا نییە، هەرچەندە بەرهەمی نوێشی بۆ تۆمارکردن هەیە، بەڵام هەر لەبەر ئەو فەوزایە رایگرتووە”.
هونەرمەند دانا عەبدولجەبار بە (هەولێر)ـی راگەیاند، سوپاس بۆ خوای گەورە، ئێستا باری تەندروستی جێگیرە و ژیانی ئاسایی بەڕێدەکات، لەگەڵ پزیشک و چارەسەرەکانم تا ڕادەیەکی زۆر باشم.
ناوبراو زۆرجار کەشی ئێستای هونەری کوردی بە “فەوزا” ناودەبات کە هەر ئەوەش وایلێکردووە تاڕادەیەک دوور بێت لە کاری هونەریی، لەو رووەوە دانا وتی “ئەو فەوزایەی ئێستای سۆشیاڵ میدیام حەز لێ نییە، هەر دەرکەوتنێکیش ئەگەر کارێکی جوان نەبێت بە زیادی دەزانم، تەمەنی من و هاوتەمەنەکانیشم رەنگە حەزمان لەو فەوزایە نەبێت و وامان پێ باشترە”.
دانا عەبدولجەبار وتیشی “دیارە گەنجەکانیش ئازادن و هەر کەسێکیش بەرپرسیارێتییەکی لەسەرشانه ئیدی هەر کەسێک چۆن مومارەسەی دەکات ئەوە ئازادیت و پاشان مێژووش هەمووی دەنووسێتەوە و رەحم بە کەس ناکات”.
هەرچەندە ئەم هونەرمەندە بەرهەمی نوێی کەمە، لەو بارەیەشەوە دەڵێت “بەرهەمی نوێم هەیە بۆ تۆمارکردن، بەڵام ئەوانیشم راگرتووە بۆ ئەوەی رێز لە رابردووی خۆم بگرم تا لەو فەوزایە دوور بین و هەر کاتێکم بە گونجاو زانی کاریان لەسەر دەکەم”.

