عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
ئەمساڵ 15 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەند و پێشمەرگە، (حەمەجەزا) تێپەڕی، هەر لەو رۆژەدا لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و خانەوادەی حەمەجەزا و هاوڵاتیان مەراسیمێكی گەورەی بۆ سازكرا و چەند بەرهەمێكی هونەرمەند حەمەجەزا لەلایەن چەند هونەرمەندێكی وترانەوە.
هونەرمەند هونەر حەمەجەزا كوڕی هونەرمەند حەمەجەزا بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ئەو چالاكییە لەلایەن تیپی موزیكی سلێمانی ئەنجامدرا ئەویش بە كۆكردنەوەی چەند ماددەیەكی پێشتر حەمەجەزا و ئەوانیش تازەگەریان تێدا كردبوو، كۆمەڵێك گەنجی بەتواناش سرودەكانیان وتنەوە، بۆیە هیوادارین ئەم رێزلێنانە بۆ هەموو هونەرمەندانی دیكەش بكرێتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندی خۆی و باوكی، هونەر وتی “لەبەرئەوەی باوكم لە شاخ پێشمەرگە بوو، ئێمەش لە شار بووین، بۆیە هەمیشە تامەزرۆی بینینی باوكمان بووین تا لە ماڵێكدا كۆبینەوە، بۆیە هەموو ئەوانە هەموی بونەتە یادگاری بۆمان، بەڵام بەگشتی نێوانمان وەك هاورێ بوە وەك لە باوك و كوڕ”.
هونەر وتیشی “لە ئامۆژگارییەكانی باوكم بۆ ئێمە لە گۆرانی مەڕۆ مەڕۆ بەرجەستەی كردووە، لای باوكم كوردایەتی مانای هەموو شتێك بوو، دەیوت نابێت كەس رابردووی خۆی لە بیر بكات، بۆیە لای خانەوادەكان كۆچی دوایی باوكم وەك ئەوەیە شاخێك رۆیشتووە، بەڵام ئەوەی دڵخۆشمان دەكات ئەوانەی ناشیانناسین رێز و خۆشەویستی زۆریان بۆمان هەیە”.هەروەها تەها حەمەجەزا، كوڕی گەورەی هونەرمەند حەمەجەزا بۆ (هەولێر) رایگەیاند “دیارە باوكم لە شاخ و ژیانی پێشمەرگایەتیدا خەباتی كردووە و لە بواری هونەریش جێدەستی دیار بووە، بۆیە جێی شانازییە ئێستاش وەك سەرەتای كۆچكردنەكەی، بە هەمان گەرموگوڕییەوە یادی دەكرێتەوە، راستی من لە پێشمەرگایەتیش لەگەڵی بووم، بەڵام تاكە وتەی پێش كۆچی دواییەكەی ئەوە بوو كە وتی ئەو رێزەی لەناو خەڵك هەمە بیپارێزن”.

