رۆژنامەی ھەولێر

نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی شەقام لە کەرکووک

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ئەوە نۆیەم ساڵە، چالاکییەکانی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکەی شانۆی سەر شەقام لە کەرکوک بەڕێوە دەچێت کە ڤیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتییە و جگە لە شانۆکارانی چوار پارچەی کوردستان، شانۆکاران لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهانەوە بەشداری تێدا دەکەن.

ئەم فێستیڤاڵە نەک تەنها لە شاری کەرکووک بەڵکو لە کوردستاندا گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە چونکە جگە لە نمایشی شانۆ چەندین چالاکی و دیبەیتی گرنگی دیکە لەخۆ دەگرێت.
لە ئیڤێنتێکدا لە بەردەم گۆڵدن تاوەر پەردە لەسەر پەیکەری فێستیڤاڵەکە لا درا و چەند پارچە میوزیکێک، کە گوزارشتیان لە جوانی فێستیڤاڵەکە و هونەری شانۆ دەکرد پێشکەش کرا و دواتر چەند گۆرانییەکی تایبەت بە زمانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی پێشکەش کرا کە گوزارشت بوون لە پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکان لەو شارەدا.
بڕیارە فێستیڤاڵەکە لە ڕۆژانی سێ، چوار و پێنجی تشرینی دووەم لە بەردەم گۆڵدن تاوەری نزیک چایخانەی مەجیدیەدا ساز بکرێت و تێیدا چەندین چالاکی هونەری وەکو شانۆگەری و گۆرانی و میوزیک و هەڵپەرکێ و بووکەڵەشانۆ نمایش دەکرێت.
ئەڵبەت سەرەتا ٣١ تیپی شانۆیی لە ٣١ وڵاتی جیاوازەوە ئامادەی بەشداری بوون بۆ پێشکەشکردنی ٨٩ شانۆ لە فێستیڤاڵەکە. بەڵام دواتر ئەندامی لیژنەی هەڵبژاردنی بەرهەمەکان، بەپێی چەند پێوەرێک، لە کۆی ئەو ٨٩ بەرهەمەی پێشکەشکرابوون، تەنیا ٢٣ نمایشیان لە ١٥ وڵاتەوە هەڵبژاردووە بۆ نمایشکردن. فێستیڤاڵەکەش بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا دابەش دەکرێت؛ بەشی شانۆی گەوران و بەشی شانۆی منداڵان.
فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکەی شانۆی شەقام لە کەرکوک، لە دیارترین بۆنە کولتووری و هونەرییەکانی کوردستان و ناوچەکەیە، ساڵانە چەندین تیپی شانۆیی جیاواز لە ناوخۆی کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و وڵاتانی رۆژئاواوە کۆ دەکاتەوە و بەرهەمەکانیان لە ماوەی چەند رۆژێکی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکەن، پردێکی گرنگی پەیوەندیی کولتووری و هونەرییە بۆ نزیکخستنەوەی کولتوور، هونەر، کەلەپوور، زمان و بیرکردنەوەی نەتەوە جیاوازەکان.