رۆژنامەی ھەولێر

نەورۆز شەهاب: لە نێو تابلۆدا دەخنکێم و ون دەبم

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هونەرمەند “نه‌ورۆز شه‌هاب”، شێوەکارێکی بە سەلیقە و لێهاتووە، كاره‌كانی به‌ شێوازێكی كوالێتی و سه‌رده‌میانه‌ پێشكه‌ش ده‌كات و خاوه‌ن چه‌ندین تابلۆی جوان و سه‌رنجڕاكێشه‌، ئەم خانمە لەوەڵامی چەند پرسیارێک بۆ هەولێر، قسەی بۆ کردین، وەکو دەستپێکی کاری شێوەکاری گوتی: لە تەمەنی چوارساڵییەوە خۆم لە نێو ڕەنگ و فڵچەدا دۆزییەوە، هەستم کرد تابلۆ بەشێکی گرنگە لە ڕۆح و ڕۆحیش وشەیەکە لە نێو دەورونی تابلۆدا، بۆیە فێربوونی شیوەکاری لای من سرووشتی و خۆرسک بوو، بەهرە خۆرسکەکان ئەگەر پەرەی پێ بدریت زۆر خێرا بەرەو پێش دەچن، لە هەر قۆناغێکی ژیان بێت من بەردەوام بوومە و بەشداری پێشانگەو فێستیڤاڵەکانم کردووە، پاشان پەیمانگەی هونەرە جوانەکان و کۆلێژی هونەرە جوانەکانم تەواوکردووە.
نەورۆز شەهاب، لەبارەی هونەرەوە زیاتر قسەی بۆ کردین و گوتی: ئەوەی زۆر سەرنجم رادەکێشیت تابلۆیەکە لە سرووشێکی تەم و مژدا لە دایک بووبێت و بە نەمری لە دەروونی بینەردا بمینێتەوە و تابلۆیەک پر لە جولەی ڕەنگ و وشە پەنگ خواردووەکانی دەروون لەسەر جەستەی تابلۆدا ئاوێزان بن، جوانترین شاکاری ناخ و ئەندیشە و هەست دروست بکەن پڕ بێت لە ئافراندنێکی زیندووی پڕ لە ژیان و چێژ.
ئەم خانمە شێوەکارە کارەکانی پڕاوپرن لە ئیلهام، بۆیە سەبارەت بە ئیلهام بوون لە نێو کارەکانیدا بۆ “هەولێر” گوتی: کاری پڕ لە هونەری هەرگیز بێ ئیلهام دروست نەبووە، هەر کارێکت بینی سەرنجڕاکێش و پر لە چێژی هونەری نەبوو ئەوا تەنیا خۆ سەرقاڵکردنێکەو بێ بەرهەم دروست کراوە، تا ئیلهامم بۆ دروست نەبێت دەست بە هیچ تابلۆیەک ناکەم.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد و گوتی: کاتێک لە نێو دەریای وێنەکێشانم دوورم لە جیهانی دەرەوە، چونکە لە نێو تابلۆدا دەخنکێم و ون دەبم، بۆیە ئەگەر ڕووبەرووی کێشەیەکیش ببمەوە وەلاوەی دەنێم و هەستی پێناکەم.