رۆژنامەی ھەولێر

بەشی کەلەپوور و هونەرە میللیەکانی هەولێر یادی ڕۆژی میوزیکیان بەرز ڕاگرت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێری سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەشی کەلەپوور و هونەرە میللیەکان، بە ئامادەبوونی هەریەک لە هونەرمەندان “فەرهەنگ غەفوور” و “دڵشاد تۆفیق” و “کەریم گوڵانی” و ژمارەیەکی بەرچاو لە میوزیسیانانی کورد، ڕۆژی جیهانی میوزیکیان بە چەپێک گۆرانی و ئاوازی ڕەسەنی کورد بەرز ڕاگرت.
لە ڕێورەسمی یادەکەدا هونەرمەند “فەرهەنگ غەفوور” تیشکی خستە سەر مێژووی هونەری مۆسیقا لە وڵاتانی جیهان و درک کردن بەو هونەرەی، کە نۆتەکانی جگە لە مرۆڤ و دار و درەخت و تەنانەت ئاژەڵانیش ئارام دەکاتەوە، کوردیش وەک نەتەوەیەکی هونەردۆست و شارەزا لەو بوارە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی هەیە لە هونەری مۆسیقادا، لە ڕابردوودا چەندین ئاواز و گۆرانی کوردی بردراون و وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی و یۆنانی، کە ئەمەش سامانێکی گەورەیە هونەری مۆسیقا لە کوردستانەوە پەڕیووەتەوە نێو زۆربەی وڵاتانی جیهان، لەم یادەشدا پیرۆزبایی دەگەیەنمە تەواوی هونەرمەندانی بواری میوزیک.