رۆژنامەی ھەولێر

بە کەرنەڤاڵێکی پڕ لە گۆرانی و موزیک، رۆژی جیهانی موزیک بەرز ڕاگیرا

ئه‌مشه‌و چوارشەممە 2025.10.1، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی موزیک، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و بە ئامادەبوونی د.پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی و د.زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی2 و ئاریان صلاح الدين، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و فه‌رهه‌نگ غه‌فور، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژماره‌یه‌كی تر لە بەرپرسانی ئیداری و هونەردۆستان و هەوادارانی موزیک و گۆرانی، لە هۆڵی پێشەوای هەولێری پایتەخت،
بەشی هونەری میوزیکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بە هەماهەنگی پارێزگای هەولێر و بە سپۆنسەری میدیایی دەزگای سەتەلایتی کوردستان، بە دروشمی ( لە ڕۆژی جیهانی موزیکدا، یادی بەشێک لە شانازییە موزیکیەکانی هەولێر دەکەینەوە ) کۆنسێرتێکی موزیک و گۆرانی بە بەشداری بەشێک لە هونەرمەندانی دیار و ناوداری هەولێر سازکرا.

لە کۆنسێرتەکەدا، هونەرمەندانی شاری هەولێر، بە چەندین میلۆدی و ئاواز و گۆرانی و بە نۆتە و ژێی ئامێرەکانیان ئەو ڕۆژەیان پیرۆزکرد.

پاشان، لەلایەن پارێزگاری هەولێر، خەڵاتی زێڕینی پارێزگا، پێشکەش بە هونەرمەندان و گرووپی موزیک کرا و ڕێزلێنانی وەزارەتی ڕۆشنبیریش لەلایەن بریکاری وەزارەتەوە پێشکەش بە هونەرمەندی دیاری شاری هەولێر “سەید ئەحمەد ڕەواندزی” کرا.

جێگەی باسە، لە ساڵی 1984 رێکخراوی یونسکۆ 1 ی مانگی 10ی وەک رۆژی جیهانی موزیک دەستنیشانکرد و لە هەموو وڵاتان لەم رۆژەدا کەرنەڤاڵی موزیک و گۆرانی بەڕێوەدەچێت.