رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ فیلمی کچی کافرۆش لە هەولێر نمایش دەکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر بەرهەم هێنانی فیلمی ئەفسانەیی “کچی کافرۆش”، کە بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و بەشی سینەمای هەولێرە و لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەم هێنراوە و لە ن3واندنی هەریەک لە هونەرمەندان “سنور ئالانی” و “غازی غەفوور” و “گۆران دڵشاد” و سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند “تەنیا کەریم” و گرافیکی “پێشەوا نەبەرد”ـە.

ماوەی چەند مانگێک لە سینەماکانی کوردستان نمایشکراوە و خاوەنی زۆرترین بینەربووە.
ئەو فیلمە سینەماییە ناوەڕۆکەکەی چیرۆکێکی ئەفسانەییە و باس لە کچێکی شۆخ و شەنگی کورد دەکات، کە بە دەستی ئەفسەرێکی بەریتانی دەڕفێندرێت و دەبردرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
هونەرمەند “تەنیا کەریم” وەک دەرهێنەری ئەو فیلمە سینەماییە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: کچی کافرۆش، سەربوردەی ژیانی کچکۆڵەیەکی شۆخ و شەنگی کوردستانیە و لە سەدەی ڕابردوودا ئەو چیرۆکە ئەفسانەییە دروستکراوە و بە ڕای بەشێک لە مێژوونووسان ئەو چیرۆکە بەشێکە لە ڕاستی، بەڵام ئێمە لەو فیلمە سینەماییەدا هەوڵمانداوە جوانتر نیشانی بینەری بدەین، بۆیە هیوادارم ئەمڕۆ جارێکی تر لە کاتژمێر ٦ـی ئێوارە لە ئێمپایەر سینەما لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییەکانی وەرزی پاییزەی سینەمای هەولێر بە شێوەیەکی خۆڕایی لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر نمایش دەکرێت.