شیڤان شێرزاد – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆنسوڵخانە و کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و هیندستان، یەکەمین نمایشی فیلمی “دیپلۆمات” لە هەولێری پایتەخت ڕادەگەیەنێت، کە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ـی ئەیلول، لە چوارچێوەی وەرزێکی نوێ لە نیشاندانی فیلم و چالاکییە هونەرییەکانی سینەمای هەولێر لە ئێمپایەر سینەما لە کاتژمێر ٦ـی ئێوارە بە چاودێری پارێزگاری هەولێر بەشێوەیەکی خۆڕایی ئەو فیلمە نمایش بکرێت.
ناوەڕۆکی ئەو بەرهەمە سینەماییە باس لە گرفتێکی کۆمەڵایەتی هەنووکەیی وڵاتی هیندستان دەکات، کە تا ئێستاش بەردەوامە و دەپڕژێتە نێو نەریتە کۆنەکانی نێو وڵاتی هیند و ئایین پەرستی بەشێوەیەکی جیاواز لەو وڵاتە، هەروەها بەشێک لە دیمەنەکانی نێو ئەو فیلمە نزیکی نەریتە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان گەلی کورد و وڵاتی هیندستانە، بەتایبەت لە زمان و زەماوەند و دەستووری تایبەت بە پۆشینی جل و بەرگی ئافرەتە شۆخ و شەنگەکانیان.

