سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا
“‘Without a language، I went among the masters of language’ is not just the story of one person; it is the story of everyone whose dreams transcend the boundaries of language and location. ”
هەر لەگەڵ یەکەم هەفتەکانی گەیشتنم بە بەریتانیا، لەو کاتەی هێشتا لەنێو گێژاوی خۆگونجاندن و حەسانەوەدا بووم، خولیایەکی لەمێژینە و ئاگرین دەستی بەسەر هەست و نەستمدا گرتبوو؛ خولیای گەڕانەوە بۆ کۆشی شانۆ. شانۆ بۆ من تەنها پیشە نەبوو، بەڵکو ئەو هەناسە قووڵە بوو کە لە قەرەباڵغی ژیاندا دەمدایەوە و لەگەڵیدا دەژیام. بۆیە بڕیارم دا پلانێک دابنێم و دەرگای گرووپە شانۆییەکانی ئەم وڵاتە نوێیە بکەمەوە. حەزم دەکرد درێژە بە پیشەکەی خۆم بدەم و لەسەر تەختەی شانۆی شارە جیاوازەکانی بەریتانیا، جارێکی تر ڕۆحم نمایش بکەمەوە. دەستم کرد بە پەیوەندی و گەڕان. چەندین جار هەوڵم دا، بەڵام وەک ئەوەی چارەنووس یارییەکی تری بۆ دانابێتم، ڕێگاکان هێندە ئاسان نەبوون. هەندێک لە گرووپەکان مەرجی ئەوتۆیان هەبوو کە لەگەڵ بارودۆخی مندا نەدەگونجا، هەندێکی تریان کاتەکانیان لەگەڵ دەرفەتەکانی مندا یەکی نەدەگرتەوە. ڕۆژگار دەڕۆیی و منیش وەک گەڕیدەیەکی ماندوو، بەدوای پەیوەندییەکدا دەگەڕام کە بمگەیەنێتەوە بە جیهانەکەی خۆم تا ڕۆژێک بیرم کەوتەوە پەنا بۆ هاوڕێ بەرازیلییەکەم، لیۆناردۆ، ببەم.
لیۆ، کوڕێکی خەڵکی ساوپاولۆ بوو، بەڵام ساڵانێک بوو لە بەریتانیا دەژیا. گەنجێکی دڵسۆز و هاوکار بوو. لێم پرسی: “لیۆ، چۆن بتوانم ڕێگایەک بۆ ناو گرووپە شانۆییەکانی ئەم شارە بدۆزمەوە؟” ئەویش بەڵێنی پێ دام کە هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتەگەڕ. دوای چەند ڕۆژێک، بە هەواڵێکی خۆشەوە گەڕایەوە و وتی: “کۆرسە شانۆیەکی شەشمانگی هەیە. کۆرسەکە لەسەر دروستکردنی بیرۆکەی شانۆیی، پەرەپێدان و دەوڵەمەندکردنیەتی تا دەگاتە ڕۆژی نمایش. ” منیش وەک ئەوەی گەنجینەیەکم دۆزیبێتەوە، بە پەرۆشەوە وتم: “بە خۆشحاڵییەوە بەشداری دەکەم!” لیۆ وتی: “زۆر باشە، من کچێک بە ناوی ‘لاورا’ پێت دەناسێنم کە بەڕێوەبەری شانۆکەیە و کاروبارەکانی تۆ جێبەجێ دەکات. ” سوپاسی لیۆم کرد و بە هیوایەکی نوێوە خواحافیزیمان لە یەکتر کرد. ئەو عەشقە بێسنوورەی بۆ شانۆ هەمبوو، وایکردبوو هەموو شتێکی ترم لەبیر بچێتەوە. بیرم لەوە نەدەکردەوە کە کارکردن لە شانۆی بەریتانیادا پێویستی بە زمانێکی ئینگلیزی پاراو و خوێندەوارییەکی ئەکادیمی هەیە. من بە زمانێکی سەرەتایی و نیوەچڵەوە، بە ئاگری عەشقەوە، بەرەو جیهانی زمانزانەکان هەنگاوم دەنا. کات تێپەڕی و ڕۆژێک لاورا پەیوەندی کرد. دوای خۆناساندن، خۆشحاڵی خۆمم بۆ ئەم دەرفەتە دەربڕی. پێی وتم: “هەفتەی داهاتوو، ڕۆژی دووشەممە، کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ وەرە بۆ بارەگای گرووپەکەمان لە شانۆی ‘پلەیهاوس’ (Playhouse Theatre) تا زیاتر یەکتر بناسین و لەسەر وردەکارییەکانی کۆرسەکە قسە بکەین. ” منیش بە تامەزرۆییەوە ئامادەیی خۆمم نیشان دا. ئەو ڕۆژە گەیشت. کاتێک گەیشتمە شانۆی پلەی هاوس، لاورا بە گەرمی پێشوازی لێکردم. دوای بەخێرهاتن، باسی لە ئەزموونی خۆی وەک ئەکتەرێکی بەئەزموون کرد و پاشان دەستی کرد بە ناساندنی شانۆکە.
ئینجا باسی کۆرسەکەی کرد: “ئەم کۆرسە بۆ ماوەی شەش مانگە، ڕۆژانە دوو کاتژمێر. کار لەسەر دروستکردنی بیرۆکەی شانۆیی و دەوڵەمەندکردنی دەکات تا دەگاتە نمایش. هەفتەی داهاتوو یەکەم ڕۆژ دەست پێدەکات.
دواتر ماڵئاواییمان کرد و من بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بووم. یەکەم ڕۆژی کۆرسەکە هات. من، بە ئینگلیزییەکی سەرەتایی و نیوەچڵەوە، چوومە ناو کۆرسێکی قورسەوە. بەڵام خۆشەویستیم بۆ شانۆ و حەزم بۆ فێربوونی زمان، هەموو ترسێکی لە دڵمدا سڕییەوە. کاتێک چوومە ژوورەوە، بینیم جگە لە من کە کورد بووم، هەموو ئەندامانی گرووپەکە کچ و کوڕ و ژنی ئینگلیز بوون. ڕۆژی یەکەم، ڕۆژی خۆناساندن بوو. دەرهێنەرێک وەک ڕاهێنەر کۆرسەکەی بەڕێوە دەبرد. کەشوهەوایەکی گەرم و پڕ لە شادی باڵی بەسەر ژوورەکەدا کێشابوو، بێ ئەوەی کەسێک هەست بە نامۆیی و بێگانەیی بکات. ڕاستە، هەندێک جار بەهۆی قورسیی بابەتەکانەوە لە قسەکان تێنەدەگەیشتم و ئەوانیش خۆیان پێویستیان بە زانیاریی زیاتر بوو تا لە خۆیان تێبگەن لەبەر دەوڵەمەندیەکەی زمانی ئینگلیزی، بەڵام ئەو باکگراوندە شانۆییەی هەمبوو، یارمەتی دەدام خۆم لەو دۆخە دەرباز بکەم. کات دەڕۆیی و ئێمە بەردەوام بووین لە پڕۆڤە و کارکردن. تا ڕۆژێک ڕاهێنەرەکە وتی: “هەفتەی دابێ ڕۆژی کۆتاییە. بینەر و خەڵکی بەئەزموون دێن. ئێوە لەگەڵ چەند گرووپێکی تردا تێکەڵ دەکرێن، بیرۆکەیەکتان پێ دەدرێت و دەبێت پێرفۆرمنسێکی واتادار ئامادە بکەن. ئەمڕۆ کۆتا پڕۆڤەیە، هیوادارم هەفتەی داهاتوو هەمووتان لەسەر شانۆ بدرەوشێنەوە. ”
هەفتەی دابێ هات. هۆڵەکە پڕ بوو لە بینەر و کەسایەتی ناسراوی شانۆیی. گرووپەکان تێکەڵ کران. بەڵام لە بەختی من، لە گرووپەکەی خۆم دانەنرام. نیگەرانییەکی قووڵ دایگرتم. من هیچ کام لە ئەندامانی گرووپە نوێیەکەم نەدەناسی. چۆن بتوانم پەیوەندی لەگەڵ خەڵکانێکی داخراودا دروست بکەم؟ ڕاهێنەرەکە بە گرووپە نوێیەکەی وت: “ئەم کوڕە لەگەڵ ئێوەیە.” لەگەڵیان کۆ بوومەوە، بەڵام پەیوەندییەکی سارد و سڕ لەنێوانماندا هەبوو. منیش هیچم بەسەر خۆمەوە نەهێنا. بەڕۆژوو بووم، ڕەمەزان بوو. شەربەتی مێوژ و پاقلاوەی بامیە و ئاو لە جانتا بچووکەکەمدا هەبوو. کاتێک ئەوان سەرقاڵی گفتوگۆ بوون، خەیاڵی من لای ئەو خواردنانە بوو. لە دەرەوە خۆمم ئاسایی نیشان دەدا، بەڵام لە ناخەوە دەکوڵام. کاتێک مۆبایلەکەم نۆتفیکەیشنی بانگی هاتە سەر، وتم با بچم ڕوو لە خوای خۆم بکەم. چوومە ژووری خۆگۆڕین و تێر پاقلاوە و شەربەتم خوارد. کاتێک گەڕامەوە، هێشتا بێدەنگ بوون و قسەیان نەدەکرد. کاتێک نۆرەی گرووپەکەی ئێمە هات، هەموو گرووپەکەمان هەشت کەس بووین لەسەر ستەیج ڕاوەستابووین. هەستم دەکرد هیچ پەیوەندییەک لەنێوانماندا نییە و هەموو بینەرانیش هەستیان پێ دەکرد. بەڵام لە دڵما وتم: “دەبێت کارێک بکەم کە پەشیمان ببنەوە. ” خوای گەورە ئیلهامێکی بۆ ناردم. بیرۆکەی نمایشەکەمان لە قوتابخانەیەکدا بوو هەرکامێکیان کارەکتەرێکی بۆ خۆی دەستنیشان کرد؛ یەک قوتابی یەکیان مامۆستا و یەکی تر بەڕێوبەر، دانەیەکیان کارگوزار. منیش کارەکتەرێکی کۆمیدی و هاروهاجم بۆ خۆم دروست کرد. بیرم لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی کێشەی زمانم بۆ دروست نەبێت، کارەکتەرەکەم وابێت زمانی بگیرێت بۆئەوەی بۆجوانی ئەدای وشەکان بکەم فۆرم وسکێچی کەسایەتیەکەم دەست نیشان کردولەگەڵی دەژیام . هەندێک جووڵەی پانتۆمایمم داهێنا و بیرم کەوتەوە کە شانۆ لە بنەڕەتدا بریتییە لە جووڵە و دەنگ. ڕاستە زمانی ئینگلیزی زمانی دایکم نییە، بەڵام دەتوانم لە ڕێگەی جووڵەی واتادارەوە پەیامەکەم بگەیەنم. کاتێک هاتمە سەر شانۆ، وەک قوتابییەکی کۆمیدی و عەجوول، بە شێوازێکی پڕ لە پێکەنین، هەموو سەرنجەکانم بۆ لای خۆم ڕاکێشا. بینەرم بە تەواوی خستە ژێر کاریگەریی جووڵە و پێکەنینەکانمەوە. لەو ساتە هەستیارەدا، تەنها دڵم لای خوا بوو و سوپاسم دەکرد کە بە هانامەوە هات. من بوومە هۆی سەرکەوتنی گرووپەکە و جیاوازی کارەکتەرەکەی من لەگەڵ ئەوانی ترئەوبوو من لەسەریەک هێڵی نواندن نەڕۆیشتم کارەکتەرەکەم وا سکێچ کرد بەرزیونزمی تێدا هەبێت لە جووڵە و دەنگ؛ بۆیە جیاواز دەرکەوتن فۆرمێکی نوێیان بینی لە من. دوای نمایشەکە، ئەندامانی گرووپەکە هاتن و داوای لێبوردنیان کرد. وتیان: “ئێمە نەماندەزانی تۆ ئەو بەهرەیەت هەیە. ” منیش وتم: “من لە ئێوە زیاتر شەکسپیرم خوێندووەتەوە. من بەقەد ئێوە لەسەر ئەدەبی وڵاتەکەتان دەزانم خۆم خوێندومەتەوە. من بە شێوەیەکی ئەکادیمی شانۆم خوێندووە و ئاگاداری ڕەوتە کون و نوێیەکانی شانۆم. تەنها جیاوازیمان ئەوەیە کە زمانەکەم لە ئاستی پێویستدا نییە ئەمەش مانای ئەوەنیە مرۆڤێک پەراوێز بخەن کە زمانەکەی وەک پێویست نیە، هەرچەندە دەمەوێت ئەو بڵێم زمانەکەم بۆ ناو بازاڕ و مامەڵە زۆر باشە بەڵام بۆ شانۆ لەبەرئەوەی شانۆ ناوەندێکی ئەکادیمی و ڕۆشەنبیریە پێویستی بە ئاستێکی باڵای زمان هەیە. ”
دواتر لاورا هات و باوەشێکی گەرمی لێ دام. وتی: “زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەسەر شانۆ بینیمیت دەدرەوشایتەوە. ئەمە دەرگایەکی تری بە ڕووی تۆدا کردەوە. ” گرووپەکەی خۆشم پیرۆزبایییان لێ کردم و وتیان: “زۆر دڵمان لات بوو. ” لەو ڕۆژەدا، لەنێو ئەو هەموو بینەر و ئەکتەرە ئینگلیزەدا، من وەکو پەڵەیەکی سپی لەسەر کراسێکی ڕەش دیار بووم چاوم فرمێسکی تێ زابوو. شانازیم بە خۆمەوە دەکرد کە وەک کوردێک توانیم بەهرەی خۆم نیشان بدەم و دەرگایەکی نوێ بۆ کۆرسێکی تری شانۆیی بە ڕووی خۆمدا بکەمەوە. لەو کاتەدا حەزم دەکرد بێمە دەرەوەی هۆڵەکە و، پڕ بە گەروو هاوار بکەم، بڵێم: سوپاس بۆ تۆ خوایە!.

