رۆژنامەی ھەولێر

سوپاسنامەی پرسەی هاشم گیان!

 

 

هاشم گیان، دڵپاک و ڕۆحجوانەکە! چۆن دەتوانم ئازاری دڵم بگێڕمەوە کە بە کۆچت تەواوی سووتاوە؟ نە دەستم قەڵەم دەگرێ، نە هێز لە ئەژنۆم ماوە، ئاخ جەرگم، جەرگی من ئەوە سێ رۆژە لەسەر ئاگردانە. لەم کاتە دڵتەزێن و پڕ لە مەرگەساتەدا، بە ناوی خۆم و سەرجەم خزم و کەسوکار و عەشیرەتی سیانەوە، سوپاسگوزاری بێپایانی هەموو ئەو ئازیزانەین کە لە پرسەی لەناکاو و ناخهەژێنی برا شیرینەکەم، هاشم گیان، هاوخەم و هاودەردمان بوون و پرسە و ماتەمینەكەمانیان زۆر قەرەباڵغ كرد.
سەری ڕێز و خەم بۆ هەموو گەورە و پیاوماقووڵان، مامۆستایانی ئایینی، حاکمە بەڕێزەکان، دراوسێ، دۆست و ناسیاوان، هاوڕێیان، ئەوانەی وەفاداری باوکی کۆچکردوومان بوون. سوپاس بۆ بەرپرسانی حزبی و حکومی و ئیداری و میدیاکاران و نووسەران و فۆلكلۆرپەروەران، هەروەها هەردوو کەناڵە جوانەکەی (ڕەسەن و نیشتمانی من) و هەردوو پەیجی (سەدا و سەکۆ) کە کۆچی هاشم گیانیان بە پرسەی خۆیان زانی و لەگەڵماندا بوون. هەروەها سوپاس بۆ ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پۆست و پەیامی هاوخەمییان بڵاو کردەوە.
کۆچی لەناکاوی براکەم، زامێکی گەورە و قەدەرێکی تاڵ بوو. ئاخ قەدەر! هاشم گیان کەسایەتییەکی سادە و خاکی، ڕووخۆش و دەستپاک، دڵسۆز و ئەمین بوو. ئەو کەسێک بوو هەمووانی خۆش دەویست و خزمەتی دەکرد، ئێستا خۆڵڕێژی جەرگمان کردووە. داوای لێبوردنی گەورە دەکەین لەو خۆشەویستانەی کە بەهۆی قەرەباڵغیی مزگەوتەوە نەگەیشتنە ناومان.
دواجار، بە دڵێکی پڕ لە ئازارەوە دەڵێین: “هەموومان هی خوداین و بۆ لای ئەو دەگەڕێینەوە.” داواکارین لە خوای گەورە براکەمان بە بەهەشتی پان و بەرین و هەمیشەییەکەی خۆی شاد بکاتەوە و ئارامی و سەبووری بە دڵە پڕ لە خەمەکانمان ببەخشێت. ئامین.
عومەر حاجی عەلی شەناغەیی لە جیاتی بنەماڵەی كۆچكردوو