شۆڕش غەفووری – ههولێر
بۆ بیستویەكەمین ساڵی یەك لە دوای یەك، ئەمساڵ و بە بەشداری پێنج گرووپی مۆسیقی لە وڵاتانی ئەفریقا و ئەرمینیا و سوریا و كوردستان، فێستیڤاڵە نێوانکولتووریەکەی وارشۆ (The Cross-Culture Warsaw Festival)، لە وارشۆی پایتەختی وڵاتی پۆڵەندا، لە 13 تا 15ـی ئەیلوول بەڕێوە چوو.
(گرووپی هەورامان بەند) كە لە چوار مۆسیقار و هونەرمەند كاك عادل نادری پێك هاتبوون، لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بۆ دووەم ساڵ بەشداریی فێستیڤاڵەكەیان كرد و بڕیاریشە لە پۆڵەنداوە بڕۆنە كۆڵنی ئەڵمانیا و ئەمستردامی هۆڵەندا و خێندی بەلجیكا و زنجیرە كۆنسێرتێك بکەن.
ئەم گرووپە كوردییە لە فێستیڤاڵەكەدا كۆنسێرتێكی یەك سەعاتەیان بەڕێوە برد كە تیایدا لاوك و ئەڵاوەیسی و گۆرانیی هەورامی و كرمانجی و سۆرانییان تێدا پێشكەش كرد كە بووە جێی سەرەنجی ئەو خەڵكەی كە مانگێك پێشتر بلیتیان بڕیبوو بۆ كۆنسێرتەكە.
هەر لەو فێستیڤاڵە، گرووپی هەورامان بەند، وۆركشۆپێكیان بۆ دەیان مۆسیقار و كەسانی پسپۆڕ پێشكەش كرد و تیایدا بێجگە لە شیكردنەوەی ئاوازە ڕەسەنە كوردییەكان، بەشداربووان ڕاهێنران لەسەر وتنەوەی گۆرانییەكانی (كەویار و كەویار) و (بەینۆ بەینۆ).
كاك عادل نادری، ڕایگەیاند: “كە دەمبینی لە نێو هۆڵەكە تەنیا كوردێك هەبوو و ئەوانی دیكە هەمووی بیانی بوون و لەگەڵمان گۆرانییە كوردییەكانیان دەگوتەوە و ئاوازەكانمان دەچووە ڕۆحیانەوە، كەیفم دەكرد و شانازیم بە خۆم و كوردبوونمەوە دەكرد. دەشمانبیست كە دەیانگوت گرووپی كوردستان لە نێو گرووپە بانگهێشتكراوەكان باشترین بوون. ئەم بەشداربوونە و درەوشانەوەمان، دەرەنجامی بەشداربوونی ساڵی ڕابردوومان بوو لە پۆڵەندا كە ئەمساڵ بانگهێشتیان كردین.”

