رۆژنامەی ھەولێر

فیلمی (ئاوازی باڵەکان) لە فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیی ئاسیا نمایش دەکرێت

محە‌ممە‌د لادێ – هه‌‌ولێر

فیلمی دۆکیۆمێنتاری کوردی (ئاوازی باڵەکان) لە سێیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بوسان نمایش دەکرێت.

بەڵگە فیلمی درێژی (ئاوازی باڵەکان) لە دەرهێنانی هێمن خالیدیە و گەیشتە بەشی پێشبڕکێی فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بوسان کە بە ئۆسکاری ئاسیا ناسراوە و لەوێ نمایش دەکرێت.
فیلمەکە یەکەم ئەزمونی دەرهێنەرە و لە گوندی دەرەتفێ ی سەر بە شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراوە، چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژیانی گوندنشیانی ناوچەکە دەکات کە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەقلەق ژیان بەسەردەبەن. هاوکات وێناکردنی ژیانی لادێیە لە گۆشەنیگایەکی نوێوە و پیشاندانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە جیهانی دەرەوە بەڵام بەدیدێکی تەواو جیاواز.
جگە لەوەش پەیامی فیلمی “ئاوازی باڵەکان” هەوڵێکە بۆ نمایشکردنی ژیانی کۆچبەری و وێناکردنی ژیانی کۆچبەران لە ڕوانگەی مرۆڤدۆستی و هاودڵییەوە.
هێمن خالیدی دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت، قۆناغەکانی توێژینەوە و بەرهەمهێنانی بەڵگە فیلمەکە ٤ ساڵی خایاندووە و فیلمەکە بە هاوبەشی بەرهەم هێنراوە لەگەڵ ئینا تێدژۆڤا لە جۆرجیا و سەرگوڵ مرادی لە ئێران و زێنێ برۆیان لە بەلجیکا.
ئاوازی باڵەکان یەکێک لە فیلمە بەرچاوەکانی ئەمساڵی فێستیڤاڵی بوسانە کە دەرفەتێکی نوێیە بۆ ناساندنی فیلمی کوردی بە فیستیڤاڵە جیهانییەکان و دنیای دەرەوە.