شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “ئاگرین دڵشاد” لە دوای زنجیرەیەک پڕۆژەی هونەری و ڕێکخستنی سیمینار و بڵاوکردنەوەی بەرهەمێک لەژێر ناونیشانی “زەوی”، کە هێشتا تەمەنی ئەو کلیپەی مانگێکه و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکی فراوان بڵاو بووەتەوە، دوێنێ “ئاگرین” گۆرانیەکی دیکەی بە ناوی “دوا نامە” بڵاو کردەوە، کە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و یەکێکە لە بەرهەمە ناوازەکانی ئەو هونەرمەندە لە تەمەنی هونەری ئەو هونەرمەندەدا.
ئاگرین دڵشاد” سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەو گۆرانیە نوێیەی بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: چەند بەرهەمێکی بۆ ئەمساڵ ئامادەیە و هەوڵم داوە بەشێک لەو بەرهەمانە بەشێوەی کلیپ بڵاو بکەمەوە، گۆرانیی “دوا نامە”یش ئەو شاکارە هونەرییەیە، کە ماوەیەکی دوورودرێژه کاری بۆ دەکەم و بە تەواوەتی ڕەنگدانەوەی لە ژیانی من و تاکی کورددا هەیە.

