رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ فیلمی هەرمان لە ئێمپایەر سینەما نمایش دەکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بەبۆنەی پێشوازیکردن لە وەرزێکی نوێ لە چالاکییە هونەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر، کە دابەشبووە بەسەر چوار وەرزی ساڵ و لە هەموو هەفتەیەکدا ڕۆژانی چوارشەممە دیاریکراوە بۆ نیشاندانی فیلمێکی کوردی لە سینەماکانی ئێمپایەر لە هەولێری پایتەخت، کە بەشێوەیەکی خۆڕایی فیلم نمایش دەکرێت و پارێزگای هەولێر ئەرکی خەرجی هۆڵە سینەماییەکانی ئەو چالاکییە هونەرییەی بۆ فیلمسازان گرتووەتە ئەستۆ.

لەم چوارشەممەیەشدا فیلمی “هەرمان”، کە لە نووسین و دەرهێنانی “حسێن حەسەن”ـە و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێرە، لە کاتژمێر ٦ـی ئێوارە بە چاودێری پارێزگای هەولێر و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان نمایش دەکرێت.
ئەو بەرهەمە سینەماییە گێڕانەوەی سەربوردەی کەسایەتییەکی کوردی لادێ نشینە و چەند ژانرێکی تایبەتی لەخۆوە گرتووە و ئەوین و ئازادی و جەنگ بوونەتە هەوێنی ئەو فیلمە و “حوسێن حەسەن”ـی دەرهێنەر بە کۆکردنەوەی چیرۆکە کۆمەڵایەتییپەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی بیرۆکەی ئەو فیلمەی گەڵاڵەکردووە و ئەمڕۆش دەبێتە میوانی ئەو هۆڵە سینەماییە لە هەولێر و چاوەڕوانیش دەکرێت زۆرترین بینەر ئامادەی بینینی ئەو فیلمە سینەماییە بن.