عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شانۆی (ئەرکە نیشتمانیەکە داهۆڵێک) لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بە نمایش بکات، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە ئەکات درامایەکی تازەی بە دەستەوەیە. شانۆی (ئەرکە نیشتمانیەکەی داهۆڵێک) لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەندی بەتوانا جەمیل مەفاخیرییە.
جەمیل مەفاخیری بە (هەولێر)ی راگەیاند، شانۆیەکە لە شێوەی مۆنۆدرامایە کە هەشت رۆڵە؛ خێزانەکەی خۆی رۆڵەکان بەرجەستە دەکات.
مەفاخیری روونی کردەوە، چیرۆکی شانۆیەکە بەیتی سەیدەوانە واتە داستانێکی زۆر کۆنی کوردییە و ئەمەیان ستایلی تراژیدییە و باسی کەسێک دەکات بە ناوی عەبدولعەزیز کە سێ کوڕی دەمرن و بۆ هەرسێکیان دەیەوێت شایی بکات، سێیەم کوڕیشی خۆی دەیکوژێت، بەڵام لێرەدا من باسی شەڕی داعش لەگەڵ کوردستانی رۆژئاوا دەکەم.
جەمیل مەفاخیری دەڵێت، ماوەی نمایشی شانۆیەکە ١٠ رۆژە و رەنگە زیاتریش بێت، مەبەستیشیان زیاتر بەرەو پێشبردنی شانۆی کوردییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی شاری سنە.
جێی ئاماژەیە هونەرمەند جەمیل مەفاخیری یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە تائێستا کاری دەرهێنانی بۆ چەند درامایەک کردووە کە ناوەندەهونەری زەنێ کاری بەرهەمهێنانی بۆ کردووە، لەوانە (درامای سەمەرە و کۆشکی هەنار) وابڕیارە ئەمساڵ کار بۆ زنجیرە درامایەکی تازە بکات، تەنها ماوە دەست بکرێت بە کاری وێنەگرتنەکەی.
لە کۆتایی لێدوانەکەی دا هونەرمەند جەمیل مەفاخیری دەربارەی هەبوونی فیلمێکی سینەمایی گوتی: پڕۆژەی دوو فیلمی سینەمای ئامادەیە، بەڵام جارێ نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هۆکارەکەشی تەنها پەیوەستە بە کاتەوە!

