شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “سەنا بەرزنجی” دوابەدوای بڵاوکردنەوەی دوو بەرهەمی جیاواز بە ناونیشانی “بیبی خانم و ڕێگاکەم دوورە”، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو لە سۆشیالمیدیادا، یوتیوب و تیکتۆکی داگیر کرد، ئێستا ڤیدیۆکلیپێکی نوێی کۆتاییی پێ هێناوە و ناوی ناوە “خواجە بازرگان”، کە لەگەڵ دەستەیەک لە کچانی کورد لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا وێنەی گرتووە.
ئەو گۆرانییە نوێیەی “سەنا بەرزنجی” بە شێوەزاری هەورامییە و بە جلە کوردییە ڕەنگاوڕەنگەکانیەوە سەرەڕێ لە خۆشەویستەکەی دەگرێت.
“سەنا” سەبارەت بەو بەرهەمەی دەڵێت: یەکێکە لەو شاکارە جوانانەی ئەمساڵ بە خۆشەویستییەکی زۆرەوە کارم بۆی کردووە و بە هاوکاری گرووپێکی موزیکی پڕۆفیشناڵ وەک “دیەم” گیتار و “دانەر” کلارنێت و، ناوەندەمیدیای ئاڕ میدیا تۆمار کراوە، ئێستاش لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەمزووانە دەبێتە میوانی کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان.
گوتیشی: جگە لەو بەرهەمە کارم بۆ چەند گۆرانییە فۆلکۆرییەکی دیکەیش کردووە و بە شێوەی کلیپ لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاویان دەکەمەوە.

