عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەندی بەتوانای كورد خالید رەشید بە كارێكی ئۆركسترای بەناوی (سەمفۆنیای غوربەت) گەڕایەوە بۆ لای هەوادارانی دەنگی كە لەلایەن ئۆركسترایەكی وڵاتی روسیاوە كاری ژەنینی بۆ كراوە.
هونەرمەند خالید رەشید، یەكێكە لەو هونەرمەندە بەتوانایانەی كە زیاتر لە 40 ساڵە سەرقاڵی كاری هونەرییە و بەو پێیەی ساڵانێكی زۆریشە لە دەرەوەی وڵات دەژی، بۆیە غوربەت و دابڕان لە نیشتمان لە كارەكانیدا رەنگی داوەتەوە.
سەمفۆنیای غوربەت، بەرهەمە نوێیەكەی خالید رەشید، وەك خۆی بە (هەولێر)ی راگەیاند، پێشتر ئەم بەرهەمەی وەك گۆرانیش بڵاوكردۆتەوە، بەڵام پێی باش بووە ئەمجارە بەشێوەی موزیكیش بڵاویبكاتەوە، بەرهەمەكە ئاوازی خۆیەتی و دابەشكردنی موزیك لەلایەن ڤیكتۆر رافالیۆف و عەلی شاكوری كراوە.
ناوبراو روونیكردەوە، ئەم بەرهەمە كارێكی ئۆركسترایی سەمفۆنییە و هەستی نامۆیی و دووری لە نیشتمان كردۆتە چیرۆكێكی موزیكیی،ئەو كارە نوێیە رەنگدانەوەی ئازار و تێڕامان، گەشتێكە بەنێو هەستەكانی تاسە، حەسرەت و گەڕانەوە بۆ نیشتمان لەڕێگەی ئامێرەكانی موزیكەوە، ئەم بەرهەمە چیرۆكی بێ وڵاتییە،بەرهەمەكەش لەلایەن ئۆكسترای نۆڤی ئۆپێرا لە شاری مۆسكۆی روسیا ژەنراوە.
ئەوەی ئەم بەرهەمەی جیاوازتر كردووە ئەوەیە لەلایەن برزۆ ئیبراهیم كلیپی بۆ كراوە كە تێیدا دیمەنی كوردستان و وڵاتانی جیهانی تێكەڵی ئاوازەكە كردووە و چێژێكی دیكەی بە موزیكەكە بەخشیوە.

