رۆژنامەی ھەولێر

گرووپی هەوار بۆ شانۆ دوو خەڵاتی بەدەستهێنا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

گرووپی هەوار بۆ شانۆ، کە پێکهاتووە لە دەستەیەک لە هونەرمەندانی شانۆکار و سەرپەرشتیاری ئەو گرووپەش “نەژاد نەجم”ـە و جگە لە هەرێمی کوردستان و عێراق خاوەنی زۆرترین خەڵاتی نێودەوڵەتییە، بەتایبەت دوای نمایشی شانۆگەری “سەلمە”، کە دوا نمایشیان لە وڵاتی فەرەنسا بوو، لەوێشدا خەڵاتێکی فێستیڤاڵە شانۆییەکەیان بردەوە و بە چەپکێک گوڵ لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە پێشوازییان لێکرا.

گرووپی “هەوار” بۆ شانۆ دوا بەرهەمیان شانۆگەری “نەبات”ـە و کارەکتەری سەرەکی ئەو شانۆگەرییەش “هەوار فارس”ـە و لە چوارەمین خوولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی (الرحالە)، کە لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەچوو، توانیان دوو خەڵاتی جیاوازی بەدەستهێنا، کە خەڵاتەکانیش بریتین لە باشترین سینۆگرافیا و باشترین دەرهێنەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەدا.